پارتی ھەوڵی کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ لایەنەکان دەدات
لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو حیزبە رۆژی 5-5-2016 بەڕێوەچوو، بڕیارە لە سازکردنی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کراوە.
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی راگەیاند "بە شێوەیەکی مەبدەئی سەرکردایەتی پارتیمان بڕیاریداوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەی بەرفراوان بۆ تاوتوێکردنی پرسی گشتپرسی ئەنجامبدات، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە".
ئاراس حەسۆ میرخان گوتیشی "دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و ئامادەسازییەکان بۆ ئەو کۆبوونەوە بەفراوانە دەردەکەوێت، سیاسەتی پارتیش ئەوەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بەبێ جیاوازی کۆببینەوە و تاوتوێ ئەو پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە بکەین و دەرفەتە مێژووییەکان لە دەست نەدەین".
