به ئامادهبوونی بارزانی یادی حهفتاساڵهی سهربهخۆیی شانشینی ئوردن كرایهوه
ماڵپهری فهرمی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردووهتهوه كه ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 5ـی 2016 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئوردن و سەد ساڵەی شۆڕشی گەورەی عەرەبی كرد.
لەو مەراسیمەدا كە لە لایەن كونسوڵخانەی شانشینی ئوردن لە هۆتێل ڕۆتانای هەولێر ساز درابوو بە ئامادەبوونی بارزانی و ژمارەیەكی زۆری كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسە ئیداری و حزبییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا دوای سروودی نیشتیمانیی شانشینی ئوردن و عێراق و هەرێمی كوردستان پەیامی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردن بە بۆنەی یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەی خوێندرایەوە. پاشان هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی ئامادەبوونی بارزانی كرد و هەروەها ستاییشی بەها و ڕەوشتی بەرز و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد و بە پێزانینەوە باسی لە دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان كرد لە پەنادانی ئاوارە و لێقەوماوان.
جێگەی ئاماژەپێدانە هەر لەو مەراسیمەدا گوتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئوردن لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە.
