بڕى 20 ملیار دینار به‌سه‌ر جووتیارانى كوردستاندا دابه‌ش ده‌كرێت

بڕى 20 ملیار دینار به‌سه‌ر جووتیارانى كوردستاندا دابه‌ش ده‌كرێت
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى كشتوكال و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌ینێت، 20ملیار دینار به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش ده‌كرێت و، بڕیارى خه‌رجكردنى چه‌كى 100 ملیار دینارى تریش بۆ جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان دراوه‌.
(به‌شار مشیر ئاغا گۆران)، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئه‌وبڕه‌پاره‌ى كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ بڕه‌كه‌ى 20 ملیار دینار بوو، به‌سه‌ر جووتیارانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆكدا دابه‌ش ده‌كرێت."
(به‌شار مشیر ئاغا) گوتیشی‌:" وه‌زاره‌تى بازرگانى و وه‌زاره‌تى داراییى عێراق دوێنێ بڕیاریان دا به‌ خه‌رجكردنى چه‌كى 100 ملیار دینارى تر بۆ جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ده‌كاته رێژه‌ى‌ 40 له‌ سه‌دى ئه‌و بڕه‌پاره‌ى حكوومه‌تى عێراق بڕیارى داوه‌ خه‌رجى بكات بۆ جووتیارانى گشت عێراق، كه‌ بڕه‌كه‌ى 250 ملیار دینار بوو، بۆیه‌ ئێستا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین بڕه‌پاره‌ى ئه‌و چه‌كه‌ش به‌ زووترین كات بگاته‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش بكرێت، هەڵبەتە مافى خۆیانه‌ بۆ ساڵى 2014 و 2015 كه‌ داوامان كردووه‌ حیسابى ساڵى 2014 ته‌واو بكرێت ئینجا ئه‌وه‌ى ساڵى 2015 ده‌ست پێ بكرێت."
ئەو ئه‌ندامەى لیژنه‌ى كشتوكال و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌شلێت: "له‌ لیژنه‌كه‌مان داوا ده‌كه‌ین له‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا، یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان با خه‌رجكردنى موسته‌حه‌قاتى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان بێت، هیى ساڵى ڕابردوو كه‌ نزیكه‌ى 750 ملیار دینار ده‌بێت، هه‌روه‌ها گەره‌نتى له‌ حكوومه‌تى ناوه‌ندى وه‌ربگرن كه‌ پاره‌ى گه‌نمى ئه‌مساڵ 2016 وه‌كو ساڵى ڕابردوو دوانه‌كه‌وێت، چونكه‌ به‌م رێگایه‌ زیانێكى زۆر به‌ر جووتیاران ده‌كه‌وێت."








KDP
Top