شێخ ئەدهەم بارزانی بۆ گوڵان: رێبازی بارزانی واتە خواناسین .. دادپەروەری.. كوردایەتی

شێخ ئەدهەم بارزانی بۆ گوڵان:  رێبازی بارزانی واتە خواناسین .. دادپەروەری.. كوردایەتی
لە دیمانەیەكی گوڵاندا و سەبارەت بە تێگەیشتن لە رێبازی بارزانی ، بەرێز شێخ ئەدهەم بارزانی بەمجۆرە پێناسەی رێبازی كرد : (رێبازی بارزانی پێش هەموو شت، واتە خواناسینە، ئەمەش بەو مانا بەرفراوانەی كە دەڵێت: (من عرف نفسە فقد عرف ربە)، واتە ئەوەی خۆی ناسی، خوای خۆیشی دەناسێت، ئەوەی خۆی ناسی مرۆڤایەتی دەناسێت، ئەوەی خۆی ناسی دەزانێت بۆچی هاتۆتە دنیا و ئەركی چییە و تا كۆتاییش لە سەری رادەوەستێت و بێجگە لە جوانی و پاكی و دادپەروەری شتێكی دیكە پێشكەش ناكات، خاڵێكی دیكەی رێبازی بارزانی، كوردپەروەرییە، دیارە مستەفا بارزانی لە شوێنێك بە ناوی بارزان پێی ناوەتە خەباتی كوردایەتی، لێرەدا مەبەستمە بڵێم بارزان بە مانای گوندی بارزان، لەم گوندەدا عەشیرەتێكمان نییە بە ناوی عەشیرەتی بارزان، بۆیە كە لە راگەیاندن بە عەشیرەت باس دەكرێت، ئەوە هەڵەبوونە و دەبێت راست بكرێتەوە، لە بەر ئەوەی بیروباوەڕێك، یان عەقیدەیەك بە ناوی بارزان هەیە كە سەرچاوەكەی تەریقەتی نەقشبەندییە، شێخەكانی بارزان كە پێڕەوی تەریقەتی نەقشبەندی بوون، پێنج كەسن كە بریتین لە:(1- شێخ عەبدولڕەحمان،2- شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، 3- شێخ محەمەد، 4- شێخ عەبدولسەلامی دووەم، 5- شێخ ئەحمەد)، ئەمانە لە بارزان پێگە و ژینگەیەكیان دروستكرد كە رێز لە كەرامەتی مرۆڤ بگیرێت و بەهاكان بۆ مرۆڤ بگەڕێتەوە، ژینگەیەك مرۆڤی بەو جۆرە پەروەردە كرد، چۆن لەم دنیایە دەژیت و كە دەچیت بۆ ئەو دنیا چی لەگەڵ خۆت دەبەیت، بۆ ئەوەی لەم دنیا و لەو دنیاش سەرفراز بیت، ئەم ژینگەیەی لە سەر دەستی ئەم شێخانە دروستكرا، خەڵكانی دیكەش بوونە پێڕەوی ئەو رێبازە كە بریتین لە 7 عەشیرەت، ئەمانە بوونە پێڕەوانی رێبازی بارزان، یان ملەتی بارزان، دیارە دەزانن بە زمانی عەرەبی ملەت واتە ئەو كۆمەڵە كەسەی شوێن فیكرێك، یان بیروباوەڕێك دەكەون. لەم ژینگەیەدا مستەفا بارزانی فێری یەك پرسی گرنگ بوو كە پەیوەست بوو هەم بە لایەنە دنیاوییەكەی، هەمیش پەیوەست بوو بە لایەنی رۆژی دواییش، ئەو بیروباوەڕەش ئەوە بوو كە دەبێت بەرگری لە هەر مەزڵوومێك بكرێت، لە دیدی مستەفا بارزانی-یەوە نەتەوەكەی گەورەترین مەزڵووم بوو كە خاكەكەی داگیركرابوو و بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەشكرابوو، بۆیە لەم روانگەیەوە مستەفا بارزانی وەك سەركردە و رێبەرێك پێی نایە گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتی، ئیدی وەك كەسێكی چەكدار بە هەموو بابەتە فیكرییە جوانەكان، چەكدار بە مقاوەمەت و خۆڕاگری، وەك قەڵایەك كە قابیلی شكست نەبێت، دەستی پێكرد، بۆیە ئەو هێزەش كە لە دەوری مستەفا بارزانی بوون، هێزێكی خاوەن بیروباوەڕ بوون، بە جۆرێك ئامادەی قوربانیدان بوون، ئەگەر 100 رۆحشیان هەبوایە، 99 یان بكردایە قوربانی، ئەوا بۆ 100میشیان دوودڵییان نەدەكرد. ئەوان بەمجۆرە توانییان ئەم رێبازە بگەیەننە ئێرە، بەڵام من ئێستا دەڵێم: بەداخەوە نەمانتوانی بە تەواوەتی نوێنەری راستەقینە و رەنگدانەوەی تەواوی ئەو رێبازە بین و وەك خۆی پیشانی نەوە و گەنجەكانی ئێستای وڵاتەكەمانی بدەین، هەندێك هەڵەمان كردووە كە نەدەبوو ئەو هەڵانە بكەین، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش من مزگێنییەك دەدەم، ئەم رێبازە لە بەر ئەوەی لەسەر هەق هاتووە، هەقیش زۆر جار بەرگەی موسیبەت و دەردەسەری ناوخۆ دەگرێت، بەڵام لە كۆتاییدا سەركەوتن بۆ ئەم رێبازەیە، چونكە هەقە).
Top