وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدات
لەئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە كرا، بڕیاریشە بەپێی خشتەی دابەشکردن هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی داهاتوودا مووچە وەربگرن.
رابەر سدیق، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، حکومەت مووچەی هەموو فەرمانبەران خەرجدەکات. دەشڵێت "ئەو هەواڵانە هەرگیز راست نین کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوایکردووە مووچەی هەولێر و دهۆک خەرجبکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە خەرجنەکرێت".
رابەر سدیق دەشڵێت "بەبێ سلێمانی و هەڵەبجە مووچەی هیچ فەرمانبەرێک خەرج ناکرێت". رەتیشیدەکاتەوە، حکومەت پلانی هەبێ تەنیا مووچەی پێشمەرگە خەرجبکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێ پێویستی بە 500 ملیار دینار بۆ مووچە و 140 ملیاریش بۆ خەرجی حکومەتە.
