ئەورووپا بۆ نەمانی قەیرانی دارایی هەرێم دێتە سەرهێڵ
لە بەیاننامەیەکدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، نێردراوە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات: "بۆ یەکەم جار لە کۆبوونەوەی فەرمی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا کە لە 23/5/2016 لە برۆکسل بەڕێوە چوو، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا هەوڵی هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی. پرسی هاریکاری هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جارە لە کۆبوونەوەی فەرمی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا باس دەکرێ و لە دوو بارەوە گرنگە.
یەکەم: دەریدەخا کە پرسی هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری و دارایی، چۆتە ئەجێندای سیاسی یەکێتییەکەوە کە ئەوەش لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆری لۆبی بۆ دراوە لە هەولێر و برۆکسل و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا و بە دڵنیاییەوە ئاکامی باشی دەبێ.
دووەم: لە بڕیارەکەدا ئاماژەدراوە بە هەریەک لە بانکی نێودەوڵەتیی(World Bank) و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF). ئەوەش بەو مانایە دێ کە یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری پێدانی قەرز بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە لایەن ئەو دوو ڕێکخراوەوە.
KDP
