سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گوتەبێژ و فەرمانبەرانی ڕاگەیاندنەکانی دەزگا حکوومییەکان بە ئەندام وەرناگرێت

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گوتەبێژ و فەرمانبەرانی ڕاگەیاندنەکانی دەزگا حکوومییەکان بە ئەندام وەرناگرێت
سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان ڕای گەیاند، لەبەر ئەوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتەبێژ و فەرمانبەرانی ڕاگەیاندنەکانی دەزگا حکوومییەکان بە ئەندام وەرناگرێت، کۆمەڵەکەیان دامەزراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (2016/5/24)، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە دیوانی چاودێری دارایی، ڕەسوڵ ساڵح ڕا گەیاند: "بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە گوتەبێژ و بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد".

ڕەسوڵ ساڵح گوتی: "سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتەبێژ و فەرمانبەرانی ڕاگەیاندنەکانی دەزگا حکوومییەکان بە ئەندام وەرناگرێت، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم کۆمەڵەیە دابمەزرێنین بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی کادیرانی ئەم بوارە و پاڵپشتییان بکات".

سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو کە لە بەرنامەیان دایە، خولی بەردەوام بۆ پەیوەندکاران بکەینەوە و لە نوێترین داهێنان و ڕووداوەکانی ئەو بوارە سوودمەندیان بکات و هانیان بدات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاووڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن چڕتر بکەنەوە.

گوتیشی: "کار دەکەین ئەم کەرتە ڕێک بخەین، بۆ ئەوەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان پەیڕەوی یەک سیستەم بکەن و ئازادی زیاتر بە گوتەبێژ و بەڕێوەبەرانی راگەیاندنەکان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە جوانی ڕایی بکەین".

ڕەسوڵ سالح گوتی: "لە رێوڕەسمەکەدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی حکوومەتی بۆ ئەم توێژە دەربڕیووە و چەند بەڵێنێکی بە پەیوەندکاران داوە".








باسنیوز
Top