سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی دەكات
لە دیدارەكەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە كار و چالاكیی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیان لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان و هەروەها شێواز و پڕەنسیپەكانی كاركردنی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی بۆ ڕێگەگرتن لە شەڕ و توندوتیژی و كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان لایەنە ناكۆكەكان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد. هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر ئەو هەوڵانەی كە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و حكوومەتی سووریا ئەنجامیان داوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گەییشتن بە ئاشتی.
شاندی میوان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە هاوكار و هەماهەنگ بووە لەگەڵ دامەزراوەكەیان و داوای پەیوەندی و هەماهەنگی و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت لە ئەنجامدانی ئەرك و كارەكانیان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ شاندی میوان خواست و ئەركی ئەوانی بە چاكەخوازانە و مرۆیی وەسف كرد و ئامادەیی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشاندا بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردن لەگەڵ سەنتەری جیهانیی دیالۆگی مرۆیی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەكە و باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر سەقامگیری و ئاسوودەیی گەلانی ناوچەكە
