هاووڵاتییانی سۆران کەرنەڤاڵی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ساز دەکات

 هاووڵاتییانی سۆران کەرنەڤاڵی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ساز دەکات
هاووڵاتییانی شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر لە کەرنەڤاڵێکدا، داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

بڕیارە سەعات 10ـی رۆژی سێشەممە 24ـی ئایاری 2016، هاووڵاتییانی شاری سۆران بەشداریی لە کەرنەڤاڵی ریفراندۆمدا بکەن و تێیدا داوا لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، بڕیاردان لەسەر ئاییندەی سیاسیی کوردستان بە گەلی کوردستان بسپێرن.

کەرنەڤاڵەکە، کە گرووپێک لە گەنجانی خۆبەخشی سەربەخۆخوازی دەڤەرەکە سەرپەرشتی دەکەن، لە شەقامی پێشمەرگە دەست پێدەکات تاوەکو ناو یاریگای وەرزشیی سۆران و تێیدا کۆمەڵێک چالاکیی هونەری و نەتەوەیی پێشکەش دەکرێن.

رۆژی 17ـی ئایاری 2016، هاووڵاتییانی شاری هەولێر بەشدارییان لە کەرنەڤاڵی ریفراندۆم لە پارکی شار کرد و تێیدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆبوونی کوردستانیان کرد.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا، داوای لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان کرد ئامادەکاریی بکەن، تاوەکو بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2016 بەڕێوەدەچێت)، ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی ئایندەی کوردستان و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئەنجام بدەن.
Top