سەفین دزەیی: بە سەرۆكی فەرەنسامان گوت رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووینەتەوە

 سەفین دزەیی: بە سەرۆكی فەرەنسامان گوت رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووینەتەوە

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ شاندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌فین دزەیی، گوتەبێژی حكوه‌مه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگه‌ڵ فرانسوا ئۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبوه‌وه.

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا لە لێدوانێكی تایبەتدا رایگەیاند، فەرەنسا پاڵپشتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشە راستەوخۆ هاوکاری پێشمەرگە بکات.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی حكومەت و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە سەرۆكی فەرەنسا لەبەردەم كۆشكی ئیلیزە بە رووداوی گووت، فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی پێشمەرگەی کردووە. لە ساڵی 2014دا ئەو کاتەی ئەگەری درووستبوونی کارەساتێکی گەورە لەسەر کوردستان هەبوو فەرەنسا چەک و پێداویستی سەربازی گرنگی بۆ پێشمەرگە نارد.

سەرۆككۆماری فەرەنسا پشتگیری خۆی بۆ هاوكاری راستەوخۆی پێشمەرگە دەردەبڕێ و دەڵێ دەبێت ستراتیژییەتێکی داڕێژراو بۆ بەگژداچونەوەی داعش هەبێت نەک تەنیا هێرشی بێ پلان ئەنجامبدرێت، دەبێ هەموو بەرجاومان روون بێ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ چۆن بەڕێوەدەچێت.
سه‌فین دزه‌یی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئۆلاند گوتى "باسی ئەوەمان كرد كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە بە بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت. هەروەها هەزار كیلۆمەتر شەڕمان لەگەڵ داعش هەیە. پێویستە وڵاتانی وەك فەرەنسا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن".

فرانسوا ئۆلاند لیستی داوكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی وەرگرتووە و داوای لە وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی كردووە بەدواداچوونی بۆ بكات.

عه‌مید روكن هه‌ژار عومەر ئیسماعیل، لە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت "ئێمە لیستی داواكارییەكانمان دایە دەست سەرۆكی فەرەنسا، كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و هاوكاری سەربازی".
Top