لە نێوان ئێزدییەکان و چیچانییەکان شەڕ رووی دا

لە نێوان ئێزدییەکان و چیچانییەکان شەڕ رووی دا
لە کەمپێکی پەناخوازان لە ئەڵمانیا شەڕی دەستەویەقە لە نێوان پەناخوازانی کوردی ئیزدی و پەناخوازانی چێچانی رووی دا و بە هۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون.

رادیۆ فەردا بڵاوی کردەوە بەهۆی رووداوەکە لانی کەم پێنج کەس بریندارە و پۆلیس توانیویەتی رووداوەکە کۆنترۆڵ بکات.

بەگوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و دوو کەسی چیچانیش لە پێوەندی لەگەڵ ئەم رووداوە دەستگیر کراون.

هەر دوای رووبەڕووبوونەوەکە پۆلیس بڕیار دەدات ئیزدییەکان لە چیچانییەکان جیا بکاتەوە و بۆ دوو کەمپی جیاواز لە دوو شاری جیا بیانگوازێتەوە.

هێشتا دیار نییە ئەو شەڕە لەبەرچی رووی داوە و لێکۆڵێنەوەکان سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە .

جێگەی باسە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو ئەڵمانیا سەدان هەزار پەناخوازی لە وڵاتانی عێراق، سووریا و ئەفغانستان وەرگرتووە و لە کەمپەکان داڵدەی داون. لە وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی نێوەراست و رۆژهەڵاتی ئەورووپاش ژمارەیەک لە خەڵک روویان لە ئەڵمانیا کرووە.

ئیزدییەکان ستەمێکی زۆریان لێ کراوە و بەراورد بە پەناخوازەکانی تر وڵاتانی رۆژئاوا بایەخی زیاتریان پێ دەدەن.

دیار نییە ئەوانەی بریندار بوون چیچانین یان ئیزدین.






وشە
Top