پەکەکە خەونی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە کوردستان لە بار برد

پەکەکە خەونی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە کوردستان لە بار برد
عەقید کوردەوان نەقشبەندی، رای گەیاند کە ساڵانە فێستیڤاڵی فڕین ناسراو بە "کۆپی ئیکارۆ" ئەنجام دەدرێت و ئومێدەوار بوون ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بێتە کوردستان، "بەڵام تەقەکردن لە کاپیتانمان، نەرێنی دەبێ لەسەر ئەوەی کە بتوانین فێستیڤاڵەکە بێنینە کوردستان".

ئەو گوتی، "20ـی ئەم مانگە سێ یاریزان لە چیای مەتین لە دەڤەرى ئامیدى لەکاتی راهێنان و فڕیندا، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە تەقەیان لێ کرا و بەهۆیەوە کاپتن وەسام لە ئاسمانی دهۆک، بریندار بوو کە ئێستە باری تەندروستی جێگیرە، بەڵام یەکێک لە یاریزانەکان کە ئەرجەنتینییە، تا ئێستەش حەپەساوە، ئەو رووداوەش کاریگەری زۆر خراپی دەبێت و ترس دەخاتە دڵمانەوە کە نەتوانین لەمەوبەدوا بە ئاسانی کاری راهێنان و فڕین ئەنجام بدەین، چونکە زۆری ئەو ناوچانەی شاخی بەرزیان لێیە و گونجاو و لەبارن بۆ ئێمە، کەوتوونەتە سەر سنوورەکان، بۆیە ناتوانین بە ئاسانی لەمەوبەدوا بفڕین".

نەقشبەندی گوتی، "ئەگەرچی گەریلاکانی پەکەکە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە ئاماژەیان بەوە داوە لەبەر باری تەناهی و ترسان لە وێنەگرتنی بارەگەکەیان، ئەوکارەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەوە ناکاتە بیانوویەک بۆ ئەوەی بەو شێوەیە تەقە لە یاریزانان بکرێت".

ساڵانە فێستیڤاڵی فڕین کە ناسراوە بە کۆپی ئیکارۆ، ئەنجام دەدرێت و پارساڵیش لە چیای سانت هیلاری کە دەکەوێتە شاری گرۆنۆبلی فڕەنسا بە بەشداریی نزیکەی 170 وڵاتی جیهانی بەڕێوە چوو، کوردستانیش شانبەشانی وڵاتان، ساڵانە بانگێشتی فەرمی ئەو فێستیڤاڵە دەکرێت.





وشە
Top