عەبادی داوای گەرانەوەی پەرلەمانتارانی کورد لە سەرۆك بارزانی دەکات
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، گەرانەوە و نەگەرانەوەی کورد بۆ بەغدا بەندە بە بڕیاری سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە لێدان و سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد و رایگەیاند، نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی پارتی وەک رێزگرتنێکە بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێیوایە ئەمریکییەکان نایانەوێ پەرلەمانتارانی کورد نەگەڕێنەوە بەغدا، چونکە بە نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی کورد، پەرلەمانی عێراق دەبێتە پەرلەمانێکی عەرەبی و ”ئاڵۆزییەکانی بەغداش کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا دەبێت“.
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رازی بکات، تاوەکو بڕیاری گەڕانەوەی پەرلەمانتار و وەزیرانی کورد بدات بۆ بەغدا.
لەبارەی دیار نەمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراقدا، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، سەدر بەمەبەستی پاڕانەوە و مەراسیمی تایبەتی شیعەکان دوو مانگ خۆی لە خەڵک دوورخستوەتەوە.
باسنیوز
