نەجمەدین کەریم: کەرکووک دەکەینە هەرێمێکی سەربەخۆ
ئەمڕۆ یەکشەممە 22\5\2016، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، بە ڕادیۆی (سەوا)ی ڕاگەیاند: “داوا دەکەین کەرکووک لە بەغدا جیا ببێتەوە، بەڵام ئەم داوایە بەو مانایە نایەت کە بچینە پاڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو تێپەڕینە بە ماوەی ئینتیقالی كە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت و پێش دەست پێكردنی ڕاپرسی لەسەر چارەنووسی پارێزگاكە دەكرێت، یان لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی دەمێنێتەوە، یاخود دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، یانیش دەچێتە سەر هەرێمی كوردستان”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە مافی چارەی خۆنووسین بەدەست دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک دایە، ئەویش تەنیا ئەو دانیشتووانەی کەرکووک کە بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 دەگرێتەوە.
بە گوتەی پارێزگاری کەرکووک کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، دەستووری عێراق ڕێگای بە پارێزگاکان داوە، هەرێم دابمەزرێنن یان بچنە پاڵ هەرێمەکانی دیکە. دەشڵێت: “بنەمای لامەركەزی لە ئیدارە و فەرمانڕەواییدا، هەروەها گواستنەوەی دەسەڵات، ئامانجی پێشخستنی واقیعی پارێزگاكانە، نەوەك دابەشكردنی وڵات”.
هەر لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند: ئێستا نەجمەدین کەریم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. گوتیشی: “لەو سەردانەیدا بە پشتیوانیی شیعەکانی عێراق، هەوڵ دەدات هەرێمێکی سەربەخۆ لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دروست بکات و ئاستەنگیش بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بێنێتە پێشەوە”.
باسنیوز
