بۆ کشانەوەی لە حکوومەت گۆڕان فشار لەسەر یەکێتی دروست دەکات
بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی ناو یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە یەکێتی کردووە، لە حکوومەت بکشێتەوە، بەو بیانووەی کە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات بەدەست پارتییەوەیە. لەمبارەیەشەوە قادر ڕەزگەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “قۆرخکاریی لە دەسەڵات هەیە و پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پشکی خۆی زیاتر دەسەڵاتی وەرگرتووە، بەڵام کشانەوە لە حکوومەت دۆخی سیاسیی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات و لەو دۆخەی ئێستا، دەبێت سەرجەم هێزەکان کە لەناو حکوومەت دان، لە حکوومەتدا بمێننەوە، تا ئەم دۆخە بەلایەکدا بڕوات”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تا ئێستا دانوستاندن لە نێوان گۆڕان و پارتی و لایەنەکانی دیکەدا دەستی پێنەکردووەتەوە. دەشڵێت: “ئێمە لە یەکێتی، لەگەڵ گۆڕاندا ڕێککەوتنی سیاسیمان هەیە، ئەو ڕێککەوتنە بە ئیرادەی هەردوو لامان نووسراوەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ئەو داوایەی ئاراستەی یەکێتی نەکردووە".
باسنیوز
