بارزانی لەكاتی بینینی دیمەنی شەهیدبوونی پێشمەرگە لەفیلمی (پێشمەرگە)دا، زۆر خەمبار بووە

بارزانی لەكاتی بینینی دیمەنی شەهیدبوونی پێشمەرگە لەفیلمی (پێشمەرگە)دا، زۆر خەمبار بووە
دوێنێ هەینی (20-5-2016) فیلمی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵی كان لە فەرەنسا پێشان درا و زۆربەی ئامادەبووانی دڵتەنگ كرد و بەشداربوویەكی فێستیڤاڵەكەش دەڵێ بەر لەوەی لە فێستیڤاڵەكە پێشان بدرێ؛ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فیلمەكەی بینیوە و دڵگران بووە.

سیروان بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور - گوێڕ؛ كە بە سەرۆكایەتی شاندێك؛ بەشداری لە فێستیڤاڵی كان كرد؛ بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە بە بینینی فیلمی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵەكەدا؛ زۆربەی ئامادەبووان گریاون، تێیدا شەڕی دژی داعش و هەروەها شەهیدبوون و برینداربوونی پێشمەرگە و سەركەوتنەكانی بەسەر داعشدا نمایش كراوە.

سیروان بارزانی ئەوەشی راگەیاند كە بەر لەوەی فیلمەكە ببرێتە فێستیڤاڵی كان؛ پێشانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دراوە بۆ ئەوەی بیر و بۆچوونی خۆی لەسەر وێنەگرتن و سیناریۆی دەرببڕێ و لەكاتی بینینی دیمەنی شەهیدبوونی پێشمەرگەش، زۆر دڵگران بووە.

سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە هەوڵ دەدرێ فیلمەكە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی و ئەمەریكاش نمایش بكرێت.







باسنیوز
Top