فەیسبووک شوێنی کامێراکانی چاودێری هاتووچۆ ئاشکرا دەکات

فەیسبووک شوێنی کامێراکانی چاودێری هاتووچۆ ئاشکرا دەکات
ژمارەیەک لە بەشداربووانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەڵمەتێکیان بۆ ئاشکراکردن و دیاری کردنی ئەو شوێنانەی شاری هەولێر دەست پێ کردووە کە رۆژانە کامێرای چاودێری هاتووچۆی تێدا دادەنرێت.

هەڵمەتەکە لەکاتێکدا داوا لە شوفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن، لەهەمان کاتدا، داوا لە هاوڵاتیان و شوفێرانی شارەکە دەکات، لە هەر شوێنێکدا زانیان کامێرای چاودێری هاتووچۆ دانراوە، راستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی بکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ شوفێرێک لە خێرایی دیاریکراو لانەدات و رووبەڕووی سزای دارایی نەبێتەوە.

هەڵمەتەکە وەک ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر بە سیستەمی کامێرای چاودێری هاتووچۆ و سزا داراییەکان کە بەهۆی تیژڕەوییەوە بەسەر شوفێراندا دەسەپێنرێت.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەکە زیاتر لە ٦٠ کامێرای چاودێری هاتووچۆی هەیە، بەڵام بەهۆکاری تەکنیکی رۆژانە سەرووی ٢٩ کامێرایەک لە سەر شەقامەکاندا دادەنرێن.

پێشتر رائید فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی شاری هەولێر رایگەیاند بوو، دەستیان بە جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێری هاتووچۆ کردووە لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا و لەو چوارچێوەیەدا دوو کامێرایان لە سەر شەقامی ٦٠ مەتری و لە بەرامبەر بارەگەی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر رێگەی هەولێر-کەرکووک جێگیر کردووە.







وشە
Top