مەسروور بارزانی: پێویستە بڕیاری گەل وەك بەشێك لە چارەسەر سەیر بكرێ

مەسروور بارزانی: پێویستە بڕیاری گەل وەك بەشێك لە چارەسەر سەیر بكرێ
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت كە ناكرێ گەلی كورد بە بارمتەی هەڵە مێژوویەكان بمێنێتەوە و كاتی هاتووە گوێ لە دەنگ و ویستی گەلی كورد بگیردرێ ، كە دەیە‌وێ بە ئاشتییانە و لە رێگەی رای خەڵك لە عێراقێكی نا سەقامگیر و ناجێگیردا جیا بێتەوە.

ئەمڕۆ شەمە مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە میانی پێشوازیكردنی لە جاكوب پرادا بالوێزی رۆمانیا لە عێراق ئاماژەی بە میكانیزمی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییە‌كانی ناوچەكە كرد، بە شێوەیەك هەریەك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی سەربەخۆییان لە ناسنامەی خۆیاندا هەبێت و بڕیاری گەل وەك بەشێك لە چارەسەر سەیر بكرێ‌.

لەو دیدارەدا، كە پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا، مەسروور بارزانی تیشكی خستە سەر دۆخی ئێستەی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا، كە پێشمەرگە توانیویەتی بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گورزی كەمەرشكێن لە داعش بوەشێنێ و پاشەكشەی گەورەی پێ بكات.

لای خۆیەوە بالوێزی رۆمانیا باسی لەوە كرد‌ كە حكوومەتی وڵاتەكەی لە نزیكەوە ‌ چاودێری پەرەسەندن و رووداوەكان دەكات، كە بە چ رێگەیەك چارەسەری كێشەكان دێتەدی و ئاماژەی كرد كە پێداگیریكردن لەسەر مانەوەی هەڵە مێژووییەكان لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە و پێویستە جیاوازییەكانی ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.

پەیوەند بەم پرسەوە مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ناكرێ گەلی كورد بە بارمتەی هەڵە مێژوویەكان بمێنێتەوە و كاتی هاتووە گوێ لە دەنگ و ویستی گەلی كورد بگیردرێ ، كە دەیە‌وێ بە ئاشتییانە و لەرێگەی رای خەڵك لە عێراقێكی نا سەقامگیر و ناجێگیردا جیا بێتەوە، كە بەدرێژایی ئەم بە زۆر پێكەوە لكاندنە بەردەوام ئامانجی سیاسەتی نكۆڵیكردنی بەغدا بووە و هیچ كات هەرێمی كوردستانی بە هاوبەشی راستەقینە قبوڵ نەبووە و نییە.

ئەمە و پتەوكردن و درێژەدان بە هاوكاری و پەیوەندییەكانی نێوان رۆمانیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.






وشە
Top