پرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری موسڵ وا ئاسان نییەو داعش لەموسڵدا شەڕی ناو شارو ماڵەو ماڵ دەكات، لەگەڵ بەردەوامبوونی لێكتێنەگەیشتنی سیاسی لەنێوان حكومەتی بەغداو ئەو هێزانەی كە خۆیان بەنوێنەری خەڵكی موسڵ دەزانن ئەم كارە قورستر دەبێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئامادەنەبوونی سوپای عێراق لەرووی لۆژیستی یەوە، ئەمە لێدوانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەشار كیكی یە ، كە لەوەڵامی پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا باسی لەشەڕی چاوەڕوانكراوی موسڵ دەكات، لەو دیمانەیەدا كیكی باسی ئەو پیلانە دەكات كە بوونی هەیە بەڵام تائێستا روون نییە بەڵام بۆ سەركەوتنی پلانەكە دەبێت رەچاوی ئەوە بكرێت چۆن پێشمەرگەو حكومەتی ناوەندی و ئەمەریكاو هێزە هاوپەیمانەكان و خەڵكی نەینەواو عەرەبی هۆزە سوننەكان بەشداری لەو شەڕەدا دەكەن بێ ئەوەی حەشدی شەعبی بەشدار بێت. ئەمەو یەكێك لەسیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان لەو شەڕەدا سەرەتا ئازادكردنی چەند شارێكی دەوروبەری موسڵە بەتایبەتی گەیارە دواتر گەمارۆدانی شارەكە دێت بۆ دابڕانی هێزەكانی داعش لەگەڵ ناوچەكانی تردا بەتایبەتی لەسوریا.