كەنعان خەیلانی: بەپێی یاسا پارتی لە هەولێردا یەكەم و زۆرینەیە
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩، ڕێژەی کورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دیاری كردووە ٢٥ کورسییە لەگەڵ سێ کورسیی كۆتا بۆ مەسیحی و توركمان؛ لە كۆی بیستوپێنج کورسییەکەی پارێزگای هەولێر، پارتی خاوەنی ١٢ کورسییە و لەگەڵ کورسی كۆتاكان توانیومانە حكوومەتی ناوخۆی هەولێر پێك بینین، ئەمە یاسایە دیاری كردووە پارتی زۆرینەیە لە هەولێر؛ ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە باسی هەولێر دەكات پارتی پێنج پۆستی داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لەو سلێمانییەدا ئەوان بۆ هیچیان نەدا بە پارتی.
خەیلانی گۆتیشی: "ئەو كەسانەی باس لەوە دەكەن پارتی هەولێری كردووتە مڵكی خۆی دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە هەموو لایەنەكان دەتوانن وەك پارتی مومارەسەی ژیانی سیاسی خۆیان بكەن لە سنووری هەولێر، بۆ نموونە سنووری قەزای كۆیە و پێنج ناحیەی سنوورەكە دەكەونە سنووری هەولێر، دەمانتوانی وەك پارتی قایمقام و هەرپێنج بەڕیوەبەری ناحیە بگۆڕین، بەڵام لەبەر ڕێكەوتنی ستراتیژی و بەرچاوگرتنی ڕەوشی سیاسی ئەوەمان نەكرد."
KDP
