وازهێنانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بەردەوامە
ئەمڕۆ هەینی 2052016، فرسەت ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان و باژێڕوانی مەکۆی خەباتی بزووتنەوەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی، بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لە دژی خواستەکانی چەند ساڵەی گەلی کوردە، دەستی لەکار کێشاوەتەوە. گوتیشی: ”ئەو ڕێککەوتنە، هەموو هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لەبار دەبات“.
پێشتریش بەهرۆز جەعفەر، توێژەر و ڕێکخەری گشتیی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات ڕایگەیاندبوو: “ڕێککەوتنی گۆڕان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاوازیی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەخات، چونکە بەشێکی زۆری لایەنگرانی گۆڕان بەو ڕێکەوتنە ناڕازین”. ئەوەشی ئاشکرا کردبوو: “ئەو ڕێککەوتنە دەری خست کە گۆڕان بە ڕابەرایەتیی نەوشیروان مستەفا، گەورەترین درۆی شاخدار بوو کە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کراوە، ڕێککەوتنەکەش تەنھا لاوازیی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەخات، چونکە گۆڕان عەقڵیەتێکی فکری و کارکردنی نەبووە، ھەروەھا ئەوەش دەسەلمێنێت کە تەواوی ئەو ھاشوهوشەی گۆڕان دەیکرد، بەشێک نەبووە لە ستراتیژیەت و بیروباوەڕی گۆڕان بە ئازادی و دیموکراسیەت”.
باسنیوز
