محمدی حاجی محمود: با بەخۆمان هاوپه‌یمانی دروست بكه‌ین نه‌ك وڵاتان بۆمانی بكه‌ن

محمدی حاجی محمود: با بەخۆمان هاوپه‌یمانی دروست بكه‌ین نه‌ك وڵاتان بۆمانی بكه‌ن
سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت زۆر گرنگە لەم قۆناغەی ئێستادا لەنێو خۆماندا هاوپەیمانی دروست بكەین نەك چاوەڕێ‌ بكەین وڵاتانی دەرەوە هاوپەیمانیمان بۆ دروست بكەن.

محەمەدی حاجی مەحموود،سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌(19-5-2016) له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن گوتی: "پێویستە بەباشی خۆمان بۆ ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوانەی كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن ئامادە بكەین، چونكە كات بۆ گەلی كورد زۆر گرنگە و دەبێت سوودی لێوەربگرین هەلەكان لەبەرژەوەندی خۆمان بقۆزینەوە".
ناوبراو، زیاتر گوتی: "هەر ڕێككەوتن و لێك نزیك بوونەوەیەك كە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكرێت ئەگەر لەبەرژەوەندی گەلی كورد و دۆزە ڕەواكەی بێت، ئێمە پشتیوانی لێدەكەین، بۆیە زۆر گرنگە لەم قۆناغەی ئێستادا لەنێو خۆماندا هاوپەیمانی دروستبكەین نەك چاوەڕێ‌ بكەین وڵاتانی دەرەوە هاوپەیمانیمان بۆ درووست بكەن".

گوتیشی: "دەبێت چارەسەركردن و یەكلایی كردنەوەی كێشە و گرفتەكان بە تەوافوق و ڕێككەوتنی سیاسی یەكلایی بكرێنەوە بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نشتیمانی كوردستان، چونكە ئەو دوو هێزە خاوەنی هێزی سەربازی و دارایین، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە خۆیان لەو ململانێیانە بەگەورەتر بزانن كە لەناوچەكەدا دەگوزەرێت".




باسنیوز
Top