هێمن هەورامی: تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو یوسف محەممەد و وەزیرەكانی گۆڕان ناگەڕێنەوە
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی کاردانەوەکان لەسەر رێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند، تاوەكو ساڵی 2017، واتە هەڵبژاردنی داهاتوو، یوسف محەممەد و وەزیرەكانی گۆڕان ناگەڕێنەوە سەر پۆستەكانیان.
لەبارەی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان هێمن هەورامی دەڵێت "ئێمە لە سێ بوارەوە سەیری ئەو رێککەوتنە دەکەین، یەکەم ئاستەکانی، دووەم پاڵنەرەکانی، سێییەمیش مەبەست و لێکەوتەکانی رێککەوتنەکە".
هێمن هەورامی گوتیشی "لەسەر ئاستی رێککەوتنەکە، ئاستێکە لەنێوان یەکێتی و گۆڕان. پێمانوایە رێککەوتنێکی ئاساییە لەنێوان دوو حیزبدا لەسەر شتی ناوخۆی خۆیان رێکدەکەون و چۆن رێکناکەون ئەمە کێشەی خۆیانە، بەڵام ئەگەر ئامانجەکە لەوەبێت، کە پارتی بەتایبەتی روومان لە بزووتنەوەی گۆڕانە، بیەوێت لەڕێگەی ئەو رێککەوتنەوە لەگەڵ یەکێتی بتوانێت ئەجێندایەکی خۆی لەسەر پارتی بسەپێنێت و دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخی دواوە بگەڕێنێتەوە و ململانێیەکان قوڵتربکاتەوە، لێرەوە ئێمە دەڵێین ئەگەر بەو ئامانج و نییەتە بێت، بە تایبەتی ئەو داخوازییانەی لە رێی سەپاندنی سیستەمی سیاسی لە رێی ئەو رێککەوتنەوە دەیانەوێت لەسەر هەرێمی کوردستانی بسەپێنن، یان باسکردن لە مەسەلەی پەرلەمان بەبێ مەرج، پێمانوایە هەوڵدانێکە بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان".
لە ئاستی دووەم هێمن هەورامی باس لەوەدەكات كە پاڵنەری بزووتنەوەی گۆڕان لەم رێککەوتنەدا لەگەڵ یەکێتی لە لاوازی بزووتنەوەی گۆڕانەوەیە، بەهۆی ئەو کێشە ناوخۆییانەی هەیەتی و دەشڵێت "بەهۆی بە بنبەستگەیشتنی ئامانجە سیاسییەکانی گۆڕان، بەهۆی قەیرانە داراییە ناوخۆییەکانی، بەهۆی وازهێنانی بەرپرسە باڵاکانی، بەهۆی بە ئامانجنەگەیشتنی ئەم بزووتنەوانەی کە هەیە، بۆیە پێمانوایە ئەو رێککەوتنەی کراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ناتوانێت گۆڕانێکی ئەوتۆ بێنێتە ئارا، چونکە دوو هێزی سیاسی یان سێ هێزی سیاسی ناتوانن سیستەمی سیاسی لەسەر کوردستان بسەپێنن".
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر یەكێتی، هەورامی دەڵێت "ئێمە گلەییەکمان لە یەکێتی هەیە، کە ئەم بابەتەی بەبێ ئاگاداری پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بەبێ وردبوونەوە لە پارتی وەکو شەریکی ئەساسی و وەکو هاوپەیمانێک کە تاوەكو ئێستاش هاوپەیمانی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەکێتی مابوو".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتیشی "ئەگەر ئامانج لەو رێککەوتنە لەنێوان یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەو کێشانەی کە لەنێوان خۆیاندا هەبووە، ئاساییە، ئەوان کێشەی قوڵیان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی هەبووە، بە حوکمی ئەوەی بنکەی جەماوەری بەرفراوانی هەردوولا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بووە، لە دهۆک پارتی بە تەنیا 73% دەنگی هەیە، یەکێتی و گۆڕان پێکەوە 16% دەنگیان هەیە، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پارتی بە تەنیا 110 هەزار دەنگی لە یەکێتی و گۆڕان زیاترە".
هێمن هەورامی گوتیشی "ئەم رێککەوتنەی کە کراوە، پەیوەندی بە یەکێتی و گۆڕانەوە هەیە، ئەگەر تاوەكو ئەوکاتەی پەیوەندی بە دۆخی حیزبی هەردوولاوە هەبێت، بەڵام ئەگەر مەبەستیان لەمە ئەمە بووبێت بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، دۆخی خراپی خۆیان لە رێگای گۆچانەکەی یەکێتییەوە باشتر بکەن، بۆ ئەوەی بەرەیەک دروستبکەن و بەرامبەر بە پارتی بووەستنەوە، زۆر بە روونی دەیڵێین نە دەتوانن ئەم بەرەیە دروستبکەن، نە کاریگەرییشیان لەسەر پارتی دەبێت، نە کاریگەریشیان لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت".
رووداو
