مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان کۆدەبێتەوە
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18\5\2016، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە سەڵاحەدین بەڕێوە دەچێت و تێیدا گفتوگۆ سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەکرێت.
پێشتر، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاندبوو: "ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی هەڵنەوەشاتەوە و هێشتا بەردەوامە".
دوێنێ هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەرسەلان بایز و مەحموود سەنگاوی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئازاد جوندیانی، ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و حەمەی حەمە سەعید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە مەراسیمەکەدا، گومانەکان لەسەر بوونی ناڕەزاییەکی فراوان لەنێو یەکێتی لە دژی ڕێککەوتنەکە زیاتر بوون.
باسنیوز
