زێدۆ باعەدری: داوامان لە ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندكارانی كوردستانە سەردانی شنگال بكەن

 زێدۆ باعەدری: داوامان لە ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندكارانی كوردستانە سەردانی شنگال بكەن
پێشمەرگەیەكی خۆبەخشی ئێزدی و نووسەر و ڕِۆژنامەنووسێكی كوردستان دەڵێن: "داوامان لە ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندكارانی كوردستانە سەردانی شنگال بكەن بۆ بینینی دڕندەیی داعش و نەهامەتییەكانی كوردانی ئێزدی و وێرانكارییەكانی شنگال، چونكە بینین وەك بیستن نییە".

(شێخ زێدۆ باعەدری) ئەندامی یەكێتی نووسەرانی كورد و پێشمەرگەیەكی خۆبەخشی ئێزدی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى: "من وەك خۆبەخشێكی پێشمەرگە لە ئەڵمانیاوە هاتوومەتەوه‌ كوردستان و، وەك هاووڵاتییەكی ئێزدی داوا لە ڕۆشنبیران و ئەدیبان و نووسەران دەكەم سەردانی شنگال بكەن تا هەموو جیهان درندەیی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ببینێ، كە بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە چییان لە شنگال و دانیشتووانەكەی كردووە، هەموو دەزانین ڕۆژانی هەینی لە پێش مزگەوتەكانی (مووسڵ، تەلەعفەر، رەمادی، فەلوجە و ڕەقە)ـدا ئافرەتانی ئێزدی دەفرۆشرێن، هەروەها لەناو داعش لەبەركەری قورئان هەیە و هەر كەسێك لە دە یەكەمەكان بێت، ئەوا كچێكی (18یان 20) ساڵی ئێزدی پێشكەش دەكەن، ئێمەیش پێش ئەوەی ئایینمان ئێزدی بێت، بە خوێنمان كوردین".

(باعەدرى) گوتیشی: "ئێزدی دوو جار زوڵمی لێ كراوە، جارێك لەبەر كوردبوون و جاریكی تریش لەبەر ئەوەی كە ئایینیان ئێزدییە، ئیمە ئێزدییەكان گلەییمان لە ڕۆشنبیران و نووسەران و میدیای كوردی هەیە كە وەك پێویست گرینگیان بە شنگال نەداوە، تا دەنگی زوڵملێكراوانی شنگال بگەیەنن بە جیهان و دڕندەیی داعش نیشانی هەموو جیهان بدەن كه‌ دەبێت میدیا وەك پێشمەرگەی كوردستان بجەنگێت و ئەوەی ئەركیانە جێبەجێی بكەن."

(عەبدولڕەزاق عەلی) نووسەر و ڕۆژنامەنووسیش، دەربارەی سەردانیكردنی ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندكاران بۆ پارێزگای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شنگال زۆر گرینگە بۆ كوردستان، بەداخەوە هەم رۆشنبیرانی كورد و هەم ڕاگەیاندنی كوردستان زۆر كەمتەرخەمن چ لە پێش داعش لە كاتی گرتنی شنگال لەلایەن داعش چ ئێستای شنگال كە ڕزگار كراوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، بۆیە من لە (٢٠١٢)ـوە داوام كردووە سەردانی شنگال بكەن، ئەمانە خوشك و برای ئێمەن و شوێنێكی زۆر گرینگی كوردسانە، بەداخەوە ئێستایش لەسەدا (٩٠)ـی ڕۆشنبیرانی كوردستان گەر لە ڕووی نەخشەوە بزانن شنگال لە كوێوەیە، ئەوە بە بڕوای من پەیوەندی بە دوورییەوە نییە لێرەوە، من كەس تۆمەتبار ناكەم، بەڵام بەراستی كەمتەرخەمی هەیە لە هەموو ڕۆشنبیرانی كوردستان و ڕاگەیاندنی كوردستان بەرامبەر ئەو توێژ و خەڵكەی كە پێیان دەگوترێت (كوردی ئێزدی)، بۆیە ئێستایش دەبێ رۆشنبیرانی كوردستان هەرچۆنێك بێت سەردانی شنگال بكەن، بۆئەوەی ببینن، چونكە بینین وەك بیستن نییە، بۆیە ئەو خەڵكە ئازیزەی كوردستان كە بەشێكە لە میللەتی كورد، ئێمە لە هەموو ڕووێكەوە لێیان دوورین، بۆیە دەبێـت بە دەمیانەوه‌ بچین، هەرچەند تا ئێستایش خەڵكەكەی ئاوارەن، بۆیە پێویستە سەردانیان بكرێـت و ببینرێن، تا بزان بۆچی داعش گرتی و بۆ ئەو وێرانییەی دروست كرد لە شنگال و چۆن هاتن و چۆن ڕۆییشتن."

(عەلی) گوتیشی: "شنگال لە رووی كولتوورییەوە خەزێنەیەكی گەورەی كەلەپووری كوردییە و لەو رووەوە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە، بۆیە ئەو رۆشنبیرانەی لە مێژوو كەلەپوور دەكۆڵنەوە، با بچنە شنگال و سەیر بكەن شنگال خەزێنەیەكی گەورەی كەلەپووری كوردییە."






KDP
Top