هەورامی: شاندێكی باڵای كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.. بە ئاشتیانە ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت

هەورامی: شاندێكی باڵای كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.. بە ئاشتیانە ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت
(هێمن هەورامی) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند، شاندێكی باڵای كوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و، بۆ گفتوگۆكردن و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لا، سەردانی بەغدا دەكات.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو قسانەی لە میانەی پێشوازیكردنی لە خاتوو (زەینەب علییاڤا)، كاربەڕێكەری حكوومەتی كەنەدا لە كوردستان، كرد.

(هێمن هەورامی)، لە دیدارەكەدا ئاماژەی دا كە، ئەگەر حكوومەتی بەغدا پابەندی بڕگەكانی دەستوور و رێككەوتنامەكان بێت و، مەرجی شەراكەتی راستەقینە و پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی بەدی بكرێت، ئەگەری ئەنجامنەدانی ریفراندۆم هەیە.

(هەورامی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە كاتێكدا هەردوو لا نەگەییشتنە رێككەوتن، ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و پابەندی بڕیاری میللەت دەبین".

سەبارەت بە رزگاركردنی شاری مووسڵیش لە تیرۆریستانی داعش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، جەختی لە گرینگیی رزگاركردنی ئەو شارە كردەوە و، هەروەها پلانی دوای رزگاركردنیشی، بە گرینگ وەسف كرد.

خاتوو (زەینەب)، خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و، هیوای زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستان خواست و، گوتی كە پێویستە گرفت و ناكۆكییەكان بە شێوازی دیموكراتی چارە بكرێن.

ئەمەو لە میانەی ئەو دیدارەدا، چەندین بابەت سەبارەت بە ناوخۆی كورستان باسیان لێوە كرا و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ كرا.










KDP
Top