ساڵح موسلیم: دەوڵەتە عەرەبییەکەی سووریا و عێراق بۆ کورد بوونە بەڵا
دوێنی یەکشەممە (15.5.2016)، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی (باسنیوز)دا گوتی: "سەد ساڵ بەسەر سایکس بیکۆدا تێپەڕێوە و ئەو ریککەوتننامەیەی لە نێوان زڵهێزەکاندا واژوو کرا و تێیدا دەوڵەت نەتەوە دروست بوو، کە بە درێژایی ئەو سەد ساڵە تاوانیان بەرامبەر کورد ئەنجام دا".
ساڵح موسلێم گوتیشی: "سایکس بیکۆ دەوڵەت نەتەوەی تورک، عەرەب و هی دیکەشی دروست کرد کە هەموویان لەسەر کورد بوونە بەڵا و بە درێژایی مێژوو ئەو دەوڵەت نەتەوانە بەرامبەر بە کورد تاوانیان ئەنجام داوە و کوردیان جینۆساید کردووە".
بە گوتەی هاوسەرۆکی پەیەدە، دەوڵەت نەتەوە دوژمنی گەڵان، کەمە نەتەویی و دوژمنی هەموو جوانییەکە و هیوای خواست کە دادپەروەری و یەکسانی و دابینکردنی مافی گەڵان شوێنی سایکس بیکۆ بگرێتەوە
.
ساڵح موسلیم جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێ، دوای کۆتایی هاتنی سایکس بیکۆ زەمینەیەک بنیاد بنرێ کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیتر کەس نەتوانێ مافی گەڵان پێشێل بکات، و بوار بۆ ژیانی پێکەوە ئاشتیانە و دیموکراسی بڕەخسێت.
هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەشی خستەڕوو کە کورد باوەری بەو سنوورە نەبووە، بەڵگەشی بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە کە گەنجی مەهابادی و کرماشان لە کۆبانی شەهید بووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ساڵح موسلیم گوتی: "ئێمە ناڵێین سنوور هەبێ یان نەبێ، یانیش بگۆردرێ، بەڵکو ئەوەی گرنگە کورد دەبێ بۆخۆی بڕیار لەسەر چارنووسی خۆی بدات و بۆ ئەمەش پێویستە یەکڕیز و یەک دەنگ بێ".
باسنيوز
