مەسرور بارزانی: دەبێت ڕێگا بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن

مەسرور بارزانی: دەبێت ڕێگا بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە یادی 100 ساڵەی ڕێککەوتننامەی (سایکس بیکۆ) ڕای گەیاند، پێویستە ڕێگا بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.



ئەمڕۆ دووشەممە 16\5\2016، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی سەبارەت بە 100 ساڵەی سایکس بیکۆ بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەمڕۆ سەد ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی سایکس_بیکۆ تێدەپەرێت کە بۆ بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەتی کورد، پڕ بووە لە وێرانکاری و ژێردەستی و نادادپەروەری. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو کاتەوە ئاشتی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دانانی سنوورەکان و دابەشکردنی ناوچەکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەکانی ئەوسا بووە، بە بێ ڕەچاوکردنی ویستی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم چەوتییە مێژووییە، ناوچەکە دووچاری قەیران و شەڕ و وێرانکاریی زۆر بووە و گەلەکی کورد قوربانیی زۆری لە پێناو پاراستنی ناسنامەی خۆی داوە.



هەر لەو نووسینەدا مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە: ”ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک دان بەم هەڵە کارەساتبارە دابنێن. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەرییە، پێویستە ڕێگە بە خەڵکی ناوچەکە بدرێت، بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن“. هیواشی خواستووە، چیتر گەلی کوردستان ڕێگا نەدات، لە ژێر هیچ بیانوو و فشارێک، هێز یان لایەنێک یاری بە چارەنووسیان بکات و ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێشەوە، لەدەست بچێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”دەبێت گەلەکەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت“.



ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەکات. دەشڵێت: ”دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین تاکو سەربەخۆ بین. نابێت ڕێگا بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان ویستی کەسی، بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات“. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قبول نەکەین، هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و ڕێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر ڕێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز کە کاتی ئەوە نییە یاخود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین“.



لە کۆتاییشدا داوای لە هەموو جیهان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ڕێز لە قوربانییەکانی گەلی کورد و بڕیارەکەی بگرن و ئەم هەڵوێستەی کورد بە دەستپێشخەرییەکی ئاشتییانە و چارەسەری بنەڕەتی وەربگرن و بە دۆست و دراوسێی هاوتا و یەکسان یەکتر قەبول بکەین.



ئەمڕۆ 16\5\2016، سەد ساڵی تەواو بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ تێپەڕ دەبێت کە بەهۆیەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناوچانەی کە بە میراتی دەوڵەتی عوسمانیی کۆن دەناسرێن، دابەش کران و مافی نەتەوەی کورد کە ئێستا 50 ملیۆن دەبێت، تێیدا پشتگوێ خرا و مافی دەوڵەتداری پێ نەدرا.





باسنیوز
Top