سەرۆك بارزانی بۆ ئێران بانگهێشت دەكرێت

سەرۆك  بارزانی بۆ ئێران بانگهێشت دەكرێت
سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لەلایەن ئێران بانگهێشت دەكرێت سەردانی تاران بكات. ئەم بانگهێشتكردنە لەكاتێكدایە چەند ساڵێكە بارزانی سەردانی ئەو وڵاتەی نەكردووە.

رۆژی شەممە 14-5-2016، د. مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری لە باشووری كوردستان بوون و سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد، بەپێی زانیارییەكانی رووداو هەمان رۆژ بانگهێشتەكەیان پێشكەشی بارزانی كردووە.

بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، شاندی ئێران رایانگەیاندووە، ئەوان گرنگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن. هەروەها دووپاتیان كردووەتەوە ئەو پەیوەندییانە رەگ و ریشەیەكی مێژووییان هەیە و ئێران هەردەم هەرێمی كوردستانی بە دۆست و هۆكاری پەیوەندی باش و ئارامی ناوچەكە دەزانێت.

لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە كە هەردەم پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە و جەختی لەوە كردووەتەوە، هەرێمی كوردستان بەردەوام ئامادەیە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر و تۆكمەتر بكات.

زانیاری زۆرتر...








رووداو
Top