حەشدی نیشتیمانی بە پشتیوانیی پێشمەرگە هێرش دەکاتە سەر داعش
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی حەشدی وەتەنی، کە خەڵکی پارێزگای نەینەوان و ئامانجیان رزگارکردنەوەی پاریزگاکەیانە، لە سەعات 4ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14ـی ئایاری 2016 هێرشیان بردووەتە سەر گوندی کانوونێ لە سنووری باشیک.
فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە تەلەڤزیۆنی (کوردستان 24)ـی راگەیاندووە، کە ئەو هێزەی حەشدی نیشتیمانی لەلایەن هێزی پێشمەرگە و یەکەی تۆپخانەی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە پشتیوانیی دەکرێ.
ئەو فەرماندەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە ئامانجیان لەو هێرشە، فراوانکردنی بەرەکانی شەڕە لە دژی چەکدارانی داعش، چونکە ئەو چەکدارانە ورەیان دابەزیوە و لە بەرەکانی شەڕەوە رادەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کرا و ژمارەیەک هاووڵاتیی سوننەمەزهەبی شارەکەش بە سەرکردایەتیی ئەسیل نوجەیفی، پاریزگاری پێشووی نەینەوا هێزی حەشدی نیشتیمانییان بۆ رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری پێکهێنا.
باسنیوز
