به‌رپرسێكی ئێرانی له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵی په‌یامه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

به‌رپرسێكی ئێرانی له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵی په‌یامه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
جێگری سه‌ركونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵێكی كوردییه‌وه‌ ده‌ڵێ پرسی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا بۆ بانگه‌شه‌یه‌ و ئه‌ندامێكی سه‌ركرایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ بۆ پێی ته‌نگاو بوونه‌

كه‌ناڵی ئیسلامی په‌یامی زمانحاڵی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ عه‌لی په‌ناهی، جێگری سه‌ركونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌هه‌ولێر ئه‌نجامداو له‌میانه‌دا ناوبراو ڕه‌خنه‌ی له‌ پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گرت و گوتی" وروژاندنی پرسی ڕیفراندۆمی هه‌رێم ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌" و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌توندی وه‌ڵامی ئه‌و كاره‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ كوردیه‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت "كه‌ناڵی په‌یام یه‌كێكه‌ له‌ میمبه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران"
عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كانی حێگری كونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ كه‌ناڵێكی كوردی بۆ(باسینوز) گوتی: " ئه‌وان گوێز له‌ حسابی خۆیان ده‌ژمێرن، په‌یام و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی ئێران هاوبیرن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ده‌نا مافی سه‌ربه‌خۆیی مافێكی خودایی و دونیایی و یاساییه‌ بۆ گه‌لی كورد و عێراق ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بابه‌تی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی لای ئێمه‌ بانگه‌شه‌ نییه‌ ، ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران وا ته‌نگاو بووه‌".

گوتیشی: "ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆی ته‌رخان كردووه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی بارزانی و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و كه‌ناڵی په‌یامی سه‌ر به‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش میمبه‌رێكه‌ له‌ میمبه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی گرت و گوتی: " به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان خۆشه‌ویتسییان بۆ وڵات و گه‌ل و دۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان نییه‌ و ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌وان قه‌رزارن و ده‌بێت بیده‌نه‌وه‌" عه‌لی باپیر" ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی چه‌ندین بیانوو ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك سارد بكاته‌وه‌ له‌ بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و سه‌یره‌ تۆ بچی ڕای داگیركه‌ری وڵاتی خۆت بڵاوبكه‌یته‌وه‌ له‌ دژی وڵات و گه‌له‌كه‌ت ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تۆ كه‌ناڵ و میمبه‌ری ئه‌وی".

ناوبراو ده‌شپرسێت ئاخۆ كه‌ناڵێكی ئێرانی ده‌چێت دیدار له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌تدارێك كورد بكات و باسی سه‌به‌خۆیی كوردستان بكات؟




باسنیوز
Top