دوای زاوا و کوڕەکانی، نەوشیروان مستەفا برازاکانیشی دێنێتە پێش

دوای زاوا و کوڕەکانی، نەوشیروان مستەفا برازاکانیشی دێنێتە پێش
پەرلەمانتارێکی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئێستا نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان دەیکات، پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە پێشووتر لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بانگەشەی بۆ دەکرد و دەڵێت: “ئێستا نەوشیروان مستەفا خەریکە خێزان و بنەماڵەکەی دەهێنێتەوە ناو ناوەندی بڕیاری گۆڕانەوە”.

جگە لەو سەردانەی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بۆ لای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، کە کوڕەکانی خۆی لەگەڵدا بوو، دوێنێ چوارشەممە 11\5\2016، لە کاتی پێشوازیکردنی لە شاندێکی باڵویزخانەی نەرویج لە عەمان کە سەردانی نەوشیروان مستەفایان کردبوو، جوامێر بەختیار مستەفا، کوڕی برای نەوشیروان مستەفا، ئەندامی شاندی پێشوازیکردنەکە بووە و لەگەڵ محەمەد تۆفیق ڕەحیم، زاوای نەوشیروان مستەفا و کەسێکی دیکە، پێشوازییان لە شاندەکە کردووە.

لەمبارەیەوە کاروان ساڵح، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دەبینین لە هاتنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان، ئەوەی کە پێشوازی لە خەڵک دەکات و ئەوەشی کە ئەندامی سەرەکیی شاندەکانە، کەس و خزمان و کوڕ و کوڕە برای نەوشیروان مستەفان، لە کاتێکدا ئەوان بیریان چووەوە لە دروشمەکانی خۆیاندا چیان دەگوت؟ دەیانگوت، نابێت حزبەکانی کوردستان بەرەو بنەماڵەیی بڕۆن و نابێت کوردستان لە لایەن بنەماڵەوە بەڕێوە ببرێت، ئێستا چۆن وەڵامی خۆیان دەدەنەوە کە بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن”.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) دووپات کردەوە: "سەرجەم ئەو قسە و پەیامانەی لەناو گۆڕاندا بڵاویان دەکردەوە، یان وەک بەڵێن بە خەڵکیان دەدا، دروشم بوو، هیچی جێبەجێ نەکرا و نەچووە پراکتیکەوە، دەیان و سەدان کەسی دڵسۆز لەناو بززوتنەوەی گۆڕان جیابوونەوە، ئەو بزووتنەوەیان جێهێشت، کەچی نەیانپرسی ئێوە بۆ جیا دەبنەوە؟ بۆ بزووتنەوەی گۆڕان جێ دەهێڵن؟ لە کاتێکدا ئێستا هەموویان باش لەوە گەیشتوون کە ئەوەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەکرێت، دووفاقیییە و هێنانە پێشەوەی خەڵکانێکە لەسەر بنەمای خزمایەتی".
وە لە میانی سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ لای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، کوڕەکانی لەگەڵدا بووە، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ بە بنەماڵەییکردنی گۆڕان لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە. بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، کلیک لێرە بکە.



باسنیوز
Top