نۆ رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک بە رووداوی هاتووچۆ تێدەپەڕێت
ئەسعەد قادر عەیزیز، برای ئومێدی کۆچکردوو رایگەیاند "کاژیر 5ی بەیانی رۆژی سێشەممە 3-5-2016 ئومێدی برام کە پێشمەرگەی لیوای 10ی پیادەی هەولێر بووە، بەهۆی خراپی گوزەرانی دوای ئەرکەکانی کاسبی دەکرد، لە گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر، لە رووداوێکی هاتووچۆ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لێیدەدات و بێهۆش دەبێت و دوای ئەوەی 30 کاژێر لەنەخۆشخانە دەمێنێتەوە، گیانیلەدەستدا و شوفێرەکەش هەڵهاتووە".
ئەسعەد ئاماژەی بەوەشکرد "نۆ رۆژ بەسەر کۆچی براکەیان تێپەڕیووە، پۆلیس نەیتوانیوە ئەو شوفێرە هەڵاتووە دەستگیربکات، کە لەبراکەی ئێمەی داوە و هەڵاتووە، لەکاتێکدا کە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلەش دراوە بەلایەنی پۆلیس بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و حکومەت کەمتەرخەمە لە ئەرکەکانی".
ئۆتۆمبێلەکە ژمارەی تابلۆی پارێزگایەکی دەرەوەی هەولێری هەیە
نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هۆتلاینی رووداو، لەبارەی رووداوەکە و دەستگیرنەکردنی تۆمەتبارەکە رایگەیاند "دوای ئەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە زاندرا، تابلۆکەی لەدەرەوەی سنووری پارێزگای هەولێرە و هەڵگری ژمارەی پارێزگایەکی دیکەیە بۆیە دەبێت پۆلیسی پاریزگاکە بەدواداچوونی بۆ بکات".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پۆلیس سەرقاڵی دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو تۆمەتبارە بدۆزێتەوە و بدرێتە دادگا،
پێشمەرگەکە ماتۆڕسکیلی لە رێگای سەرەکی لێخوڕیوە
فازیل حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، کە بەشداربوو لە بەرنامەی هۆتلاینی رووداو، رایگەیاند "رووداوەکە لە کاژێر 5ی بەیانی روویداوە کە پێشمەرگە کۆچکردووەکە ماتۆڕسکیلی لێخوڕیوە لە رێگای سەرەکی نێوان هەولێر - کەڵەک، دوای 24 کاژێر لە رووداوەکە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبیلی تۆمەتبارەکە بە پۆلیس دراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی هاتووچۆ کامێرای چاودێری ڤیدیۆیی نییە تاوەکو بتوانێت لەو رێگەیەوە تۆمەتبار دەستنیشانبکات و پۆلیس دەستگیریبکات".
لە سەرەتای ساڵەوە 94 حاڵەتی دڵتەزێن روویانداوە
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای ساڵی نوێوە تاوەکو ئێستا 94 حاڵەتی دڵتەزێن روویانداوە کە 34ـیان حاڵەتی مردن بووەن 62 حاڵەتیان برینداربوون و 85 لە سەدی دۆسییەکانیش تۆمەتبارەکانیان سزادراون.
رووداو
