ساڵح موسلیم سەردانی نەوشیروان مستەفای كرد

ساڵح موسلیم سەردانی نەوشیروان مستەفای كرد
ئەمشەو ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) سەردانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی كردووە.

شەوی پێنجشەممە 12-5-2016 ساڵح موسلیم بە یاوەری غەریب حەسۆ بەرپرسی پەیەدە لەباشووری کوردستان سەردانی نەوشیروان مستەفای کرد.

لەکۆبوونەوەیەکی یەک کاژێریدا، هەردوولا تاوتوێی رەوشی نێوخۆی رۆژئاوا و باشووری کوردستانیان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ساڵح موسلیم جگە لە خستنەڕووی پێشکەوتنەکانی رۆژئاوا و سەرکەوتن و بەردەوامی شەڕڤانان، داوای پشتیوانی لە نەوشیروان مستەفا کردووە.

لای خۆیەوە رێکخەری گشتی گۆڕان، جگەلە خۆشحاڵی و پشتیوانی بزووتنەوەکەی بۆ کوردانی رۆژئاوا، داوای لێکردوون دەست بە یەکڕیزیی و نێوماڵی رۆژئاواوە بگرن.

ساڵح موسلیم جەختیلەوە کردوەتەوە، ئەوەی لەباشووری کوردستان دەگوزەرێت پێویستی بە دیالۆگ و دانیشتنی دۆستانە هەیە، چونکە بەگوتەی ئەو، باش و خراپی رەوشی کوردستان راستەوخۆ کاریگریی لەسەر رۆژئاوای کوردستانیش هەیە.



رووداو
Top