شێخ محیەدین عەفیفی، سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەزهەر : پێشمەرگە کوژراوەکانی شەڕی داعش شەهیدن

 شێخ محیەدین عەفیفی، سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەزهەر : پێشمەرگە کوژراوەکانی شەڕی داعش شەهیدن
سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەزهەر دەڵێت: "بەرگریکردنی شەرعی بۆ پاراستنی خۆت و خاک و نامووست کارێکی شەرعیە و پێغەمبەر(د.خ) دەڵێت ئەوەی لە رێگەی پاراستنی ئەو شتانە کوژرا کە شەرع رێیپێداوە ئەوە شەهیدە".

شێخ مەحیەدین عەفیفی، سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەزهەر لە نیویۆرک رایگەیاند: گومان لەوەدا نیە کە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی ئەو پێشمەرگانەی کە لەشەڕی داعش دەکوژرێن شەهیدن".

بۆ زۆربەی دیپلۆماتکاران و چاودێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە 11-5-2016-ی ئەنجوومەنی ئاسایش مێژوویی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار دوای زیاتر لە 15 ساڵ لە رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی بەوەدانا کە کێشەی گرووپە توندڕەوەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە تەنیا ئەمنی نیە، بەڵکو کێشەکە کێشەیەکی ئایدۆلۆژیە و پێویستە ستراتیژیایەکی نێودەوڵەتی دابنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای داعش.

هەر لەو رۆژە شێخ مەحیەدین عەفیفی، سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەزهەر کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردبوو لە نیویۆرک، و نوێنەرانی 70 وڵاتی جیهان بەشداریان تێدا کردبوو، گوتی: "کردەوەکانی داعش و ئایینی ئیسلام پێچەوانەی یەکدین".

بۆ زۆربەی نوێنەرانی وڵاتان ئینتەرنێت هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی تووندڕەوی ئیسلامیە. بەڵام نوێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند کە: "رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی بیروڕای داعش لە ئینتەرنێت زۆر زەحمەتە".

ستیڤن کڕاون جێگری سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت: "ئێمە دەزانین کە تیرۆرستان دەیان هەزار ئەکاونتیان هەیە لە ئینتەرنێت کە زۆر زەحمەتە لەناوببرێت چونکە تاکو ئەکاونتێک دادەخەیت هەر زوو ئەکاونتێکی دیکە دەکەنەوە. مەبەستم ئەوەیە ئێمە فیشەکێکی سحریمان لەدەست نیە کە بە یەکجار تیرۆرستان راگرین لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت".

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە مەلاکان کرد کە جگە لە مینەبەری مزگەوتەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیروباوەڕی تووندڕەوەکان.

سەمانسا پاوەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "هەندیک لە مەلاکان تەنیا لە رێگا کۆنەکانەوە گفتوگۆی ئایینی ناکەن. بەڵکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تویتەر و یوتیوب و ئینستاگرام و فەیسبووک بەکاردێنن. هەندێک مەلا هەیە بۆ گفتوگۆی ئایینی سناپ چات بەکاردێنێت".

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری داڕشتنی ستراتیژیایەکی نێودەوڵەتی دا بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەو لە جیهان.









رووداو
Top