سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی هەنگاریا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی هەنگاریا دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 5ـی 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیستێڤان شمیچكۆ وەزیری بەرگریی هەنگاریا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی هەنگاریا دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی بە شەرەفێكی گەورە زانی و سڵاوی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو لە شكستدانی تیرۆریستان و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە وڵاتەكەی بەشێكی چالاكە لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش ئەوەیشی خستەڕوو كە بە بێ پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش تووشی شكست و پاشەكشە نەدەبوون. ئاماژەیشی بەوەدا كە پێشمەرگە بۆ ئازادی دەجەنگێ و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئاگاداری تەحەدیاتی ئابووری و ئەمنیی كوردستانە و بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چارەسەركردنی بریندارن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی هەنگاریای كرد بۆ پشتیوانیان لە هەرێمی كوردستان و ستاییشی خەباتی گەلی هەنگاریای كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی. سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش كرد كە مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان و ژیانی مرۆڤایەتی و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ لەناوبردنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی دەولی و ڕێكوپێك پێویستە لە هەموو بوارەكانی سەربازی و فكری و سیاسی و ئابووریدا. سەرۆك بارزانی باسی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و شكانی ئەفسانەی داعش و هەروەها ئەو تەحەدیاتە ئابووری و سەربازییانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە حكوومەتی عێراقی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و حەواندنەوەی ملیونێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.
لە درێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە داواكارییە ڕەواكانی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە ویست و داواكاریی گەلی كوردستان ئاشتیانەیە و ئەزموونیش سەلماندوویەتی كە هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەقامگیرییە نەك هەڕەشە بۆ ناوچەكە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە سرووشتی شەڕی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش و هەروەها بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرا.
جێگەی ئاماژەپێدان لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
Top