چەند بەرپرسێکی پارتی دیموکراتیی کوردستان دەگۆڕدرێن
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: “لەناو مەکتەبی سیاسیی پارتی، لێژنەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە ناو پارتی پێک هێندراوە کە ئەگەر لەهەر شوێنێکدا پێویست بوو، گۆڕانکاری دەکرێت”. گوتیشی: "مەکتەبی سیاسیی پارتی لەمبارەیەوە سەرپشک کراوە".
هەر لەمبارەیەوە عارف تەیفوور، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: "لە دوا كۆبوونەوەی پارتیدا، بڕیاری ئەوە درا كە كۆمەڵێك لێژنە بۆ چاکسازیی ناوخۆیی پارتی دروست بكرێن، بۆ ئەوەی چەند بارەگایەك دابخرێن كە زیادن و لقەكانیش كۆ بكرێنەوە و هەندێك لە ناوچەكان و هەندێك لە لقەكان كەم بكرێنەوە و یەك بگرنەوە، هەروەها لێژنەیەكی دیكە دروست كرا كە چاكسازیی گشتی بكرێت و پڕۆژەیەك ئامادە بكات و مەكتەبی سیاسیش لەسەر ئەو بنەمایە كاری خۆی بكات".
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لێژنەکان گۆڕانكاری لە بەرپرسەكانیشدا دەكەن، لە نێویاندا بەرپرسی لقەكان و گوتەبێژی فەرمیی پارتی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموکراتیی کوردستان.
ئهو ئەندامهی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “دیار نییە كە گۆڕانكاری لە بەرپرسی لقەكاندا بە چ شێوەیەك دەبێت، كە ئایا جێگۆڕكێ دەبێت یاخود كەسانی دیكە لە شوێنیان دادەنرێت، ئەمەش لێژنە بڕیاری لەسەر دەدات”.
باسنیوز
