هه‌ڕه‌شه له‌كارمه‌ندانی كوردی خورماتوو ده‌كات
ئه‌و كارمه‌ندانه كه دووشه‌ممه 9ی ئه‌م مانگه له‌رێی كورته‌نامه‌وه به‌مۆبایل هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه، ژماره‌یه‌ك حه‌وت كه‌سه‌و هه‌موویان كوردن، له‌ئێستاشدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ده‌وامه‌كانیان له‌بنكه‌ی ته‌ندروستی گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری قه‌زای خورماتوو.
یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌و له‌به‌ر پاراستنی ژیانی داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت، راگه‌یاند كه ئه‌و كه‌سانه‌ی نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ ناردوون، خۆیان به‌حه‌شدی توركمانی ناساندووه.
له‌نامه‌كاندا به‌وته‌ی كارمه‌نده‌كان، داوایانلێكراوه نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ركاره‌كانیان، دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو به‌هۆی بارگرژیه‌كانی ناو قه‌زاكه‌وه بایكۆتی ده‌وامیان كرد.
وتیشی "داوای یاسایمان تۆمار نه‌كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رپرسانی كورد پێیانراگهیاندوین هه‌ر خروقاتێك له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر كوردێك بكرێت پێشتر نوێنه‌رانی كوردی لێئاگاداربكهینهوه تاوه‌كو ئه‌وانیش بیگه‌یه‌نن به‌به‌رپرسانی حه‌شد".
به‌پێی نوێترین رێككه‌وتنی نێوان حه‌شدی شهعبیو لایه‌نی كورد له‌خورماتوو، هه‌ر پێشێلكارییه‌ك له‌ناوچه‌كه رووبدات پێشتر یه‌كتری لێ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گاته بارگرژی‌و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه.
محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی خورماتوو، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر حه‌وت كارمه‌نده كورده‌كه‌ی بۆ خه‌ندان پشتڕاستكرده‌وه‌و وتی، له‌ئێستادا ئه‌و كارمه‌ندانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر كاره‌كانیان.
ده‌رباره‌ی تۆمارنه‌كردنی سكاڵا له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه رۆژانه له‌نێوان كورد‌و به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبیدا كۆبونه‌وه ده‌كرێت بۆ هێوربونه‌وه‌ی دۆخی خورماتوو، له‌و كۆبونهوانهشدا ههرپێشێلكاریهك كرابێت له‌لایه‌ن ههرلایهنێكهوه ده‌خرێته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدرێت.
وتیشی كه لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه بۆ ئاشكراكردن‌و ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌كارمه‌نده‌كان كردووه.
مانگی رابردوو، شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان كورد‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌قه‌زای خورماتوو سه‌ریهه‌ڵدا، به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌هه‌ردوو بوونه قوربانی، دواتر به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوولا دۆخه‌كه هێوركرایهوه.
خه‌ندان
