وەزارەتی پێشمەرگە: چاوەڕێین وەزارەتی دارایی پارەی مووچەمان بۆ بنێرێت
هێزەكانی پێشمەرگە، یەكەم وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانن كە مانگانە مووچەیان پێدەدرێت، بەدوای ئەوانیشدا هێزە ئەمنیەكانی ترو وەزارەتە مەدەنیەكان دێت.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دابەشكردنی مووچەی نیسانەوە راگەیاند "ئێمە خشتەی مووچەمان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان".
وتیشی "لەئێستادا چاوەڕێین وەزارەتی دارایی پارەی مووچەمان بۆ بنێرێت".
تائێستا هیچ وادەیەك بۆ پێدانی موچەی مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دیارینەكراوە، هەرچەندە دابەشكردنی موچەی مانگی سێ تەواو بووە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەخەندانی وت "ناتوانین وادەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دیاری بكەین، وەزارەتەكەمان تەنیا لەرێگەی راگەیاندراوی فەرمیەوە وادەی دابەشكردنی مووچە ئاشكرا دەكات".
جەختیشیكردەوە كە "جگە لە راگەیاندراوی فەرمی، هەموو لێدوانێك سەبارەت بە دابشكردنی مووچە باوەڕپێنەكراوە".
