وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا سه‌ردانی كه‌مپی ئاوه‌ره‌كانی كرد
له‌چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان رۆبێرتا بینۆتی، وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا سه‌ردانی كه‌مپی خانكێی تایبه‌ت به كورده ئێزدییه ئاواره‌كانی له‌سنووری پارێزگای دهۆك كرد.
سالم سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی بۆردی كاروباری مرۆڤایه‌تی بۆ(باس‌نیوز) رایگه‌یاند: " ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (10-5-2016) وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا به یاوه‌ری شاندێك و به ئاماده‌بوونی پارێزگاری دهۆك كه‌مپی خانكێی له سنووری پارێزگای دهۆك به‌سه‌ركرده‌وه كه تایبه‌ته به كوردانی ئێزدی".
ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه له‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یدا وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا پشتیوانی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوكاریكردنی زیاتر ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و كچه ئێزدییانه ده‌ده‌ن كه تاوه‌كو ئێستا له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا ماون.
