پەرلەمانتارێکی ئەستونیا ھەوڵ دەدات وڵاتەکەی دەستپێشخەر بێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان
دوای ئەوەی بابەتێکی لە گۆڤاری دیپلۆماتییە بڵاوکردەوە، ئەندراک تەراند ئەندامی پەرلەمانی ئەستونیا لە پەیوەندییەکی تایبەتدا لەگەڵ (ناوەندی هەواڵی ئازاد) ڕایگەیاند: "ئەو مێژووی گەلی کورد و ئەستونیا بە یەکەوە دەبەسێتەوە، لەوەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وڵاتەکەی لە کۆڕی نەتەوەکان (عوسبەتەلئومەم)ـدا بەرگری لە کورد کردووە، ئێستاش دەبێ درێژە بەوبەرگرییە بدات و کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دانانی نەخشەڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ببەسێت و بۆ ئەم مەبەستە ھاوکاریی دامودەزگا کوردییەکان بکات."
ناوبراو دەیشڵێت: "دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، دەبێتە سەرەتای دەستەبەربوونی ئارامی و ئاسایش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە هۆیەوە ھەڕەشە کەمتر دەبێتەوە." ئەوەشی گوت کە لە ھاندانی سیاسەتمەدارانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت تا ئەم پرسە دەبەنە یەکێتیی ئەوروپا و ھەوڵیش دەدات بناغەی دۆستایەتیی کورد و ئەستونیا لەسەر بنەمای بە ماف گەیاندنی گەلی کورد لە دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەیدا ڕەنگ بداتەوە.
پەرلەمانتارەکەی ئەستونیا پاڵپشتی بۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی: "دەمەوێ خەڵکی کوردستان بگاتە ئەو ڕایەی کە تەنیا چیاکان دۆستی نین، بەڵکو ئێستا هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەستونیاش دۆستی ئەوانە."
KDP
