سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیتالیا دەكات
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیداری سەرۆك بارزانی لە نزیك بەرەكانی شەڕ كە خۆی لەخۆیدا مانایەكی بەرزی هەیە و ئەوەیشی خستەڕوو وڵاتەكەی شانازی بەو بەشدارییە دەكات كە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەیەتی لە شەڕكردن بەرانبەر تیرۆریستان كە دوژمنی مرۆڤایەتین و هێمای بەوەدا، پێشمەرگە بە بەشێك لە خۆیان دەزانن و خۆیشیان بە بەشێك لە پێشمەرگە دادەنێن. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەدیاتی گەورەی ئابووری سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەریان لەخۆوەگرتووە كە ئەركێكی سەخت و دژوارە. وەزیری بەرگریی ئیتالیا پابەندبوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ پێشكێشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سوپاسی هەماهەنگی و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لەگەڵ تیمە سەربازییەكانی ئیتالیا لە سەدی موسڵ و ئەو هەماهەنگییەی بە برایانە و دۆستانە وەسف كرد.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد بۆ هاوكاری و پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی خۆی بە شاندی میوان ڕاگەیاند بۆ بوونی تیمە سەربازییەكانی ئیتالیا بۆ پاراستنی سەدی موسڵ و ئامادەیی پێشمەرگەیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ هێزەكانی ئیتالیا. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە كرد بۆ ئازادكردنی سەدی موسڵ كە دەستبەسەرداگرتنی لە لایەن داعش هەڕەشەیەكی گەورە بوو بۆ سەر عێراق و هەروەها ئازادكردنی ناوچەكانی تر لە دەستی داعش و پاراستنی پێكهاتەكان لەبەرانبەر تیرۆریستان و، پەیوەست بە یارمەتیدانی ئاوارەكان وێڕای ئاماژەدان بە كەمتەرخەمیی حكوومەتی عێراقی لە هاوكاریكردنی پەنابەران جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران درێخی نەكردووە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان و پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی تیرۆر.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و سروشتی شەڕی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
