بە فەرمانی بارزانی هێزێکی پێشمەرگە لە خەڵک و گەنجانی خورماتوو پێکدەهێنرێت

بە فەرمانی بارزانی هێزێکی پێشمەرگە لە خەڵک و گەنجانی خورماتوو پێکدەهێنرێت
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خورماتوو ئاماژەی بەوە کرد، داواکاریی خەڵکی خورماتوو بە ئاستی باڵا گەیەندراوە و بڕیارە هێزێکی پێشمەرگە لە خەڵک و گەنجانی شارەکە پێکبهێنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 10\5\2016، ئەحمەد لەنگەری، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خورماتوو، ڕاگەیاند: “کاتێک پیاو ماقووڵ و کەسایەتییەکانی خورماتوو و قایمقامی شارەکە سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوێ کۆمەڵێک داواکاری خرایە ڕوو، یەکێک لەوانە، پێکهێنانی هێزێکی پێشمەرگە بوو لە گەنجانی خورماتوو، دووەم، بەهێزکردنی هەردوو ئاسایشی پارتی و یەکێتی لەسنوورەکە”. گوتیشی: "لەسەر هەردوو خاڵەکە ڕەزامەندی نیشان دراوە، بۆیە هەفتەی ڕابردوو لێژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە هاتووە بۆ خورماتوو و لەگەڵ خەڵکی شارەکە دانیشتیان کردووە، دواتر قەسەی خەڵک کراوە بە ڕاپۆرتێک و براوە بۆ سەرەوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی لە ناوچەکە بە گرنگی زانی، هێزێکی پێشمەرگە لە گەنجانی خورماتوو بۆ پاراستنی سنوور و ناو شاری خورماتوو پێک بهێندرێت.

ئەمە لە کاتێک دایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، گەنجانی کوردی خورماتوو دەستیان دایە چەک و ڕایانگەیاند، لە زوڵم و خراپەکارییەکانی حەشدی شەعبی بیزارن و بەشێکی زۆری خورماتوویان لە حەشدی شەعبی وەدەرنا، بەڵام دواتر بەرپرسانی سەربازیی یەکێتی و نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری کەرکووک، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی میلیشیا شیعەکان واژوو کرد و بەهۆیەوە حەشدی شەعبی جارێکی دیکە مانەوەی لە خورماتوو مسۆگەر کرد.






باسنیوز
Top