قایمقامی شنگال: بەم زووانە سەردانى نیویۆرك دەكهم.. كێشەی خەڵكی خۆمان دەگەیێنینە نەتەوەیەكگرتووەكان
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەم زووانە سەردانی بارەگای سەرەكیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك دەكەم و، لەوێیش بڕیارە چاومان بە سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان (بان كی مون) بكەوێت و، كێشەی خەڵكی خۆمان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پرسی تاوانی جینۆساید و ناردنی تیمی تایبەت بە گۆڕەبەكۆمەڵەكان، دەگەیێنینە نەتەوەیەكگرتووەكان".
(خەلیل) گوتیشی: "كێشەی شنگال نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتییە و وێران بووە، بۆیە وەكو خزمەتكارێكی خەڵكی شنگال هەر رێگایەك پێویست بكات دەیگرمە بەر بۆ هاوكاریی شنكالییەكان و ئاوەدانكردنەوەی و بەجینۆسایدناساندنی كارەسات و كۆمەڵكوژییەكە و رزگاركردنی دایك و خوشكی شنگالیان".
قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەشڵێت: "شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە و، نامانەوێت هیچ ئاستەنگێك لە رووی سیاسیەوە دروست بكرێت، ئێستایش كەسێك نابینین پشتیوان و هاوكارمان بێت جگە لە (سەرۆك بارزانی)، بەڵام مخابن هەرێمی كوردستانیش بە قەیرانێكی داراییدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەیشدا شنگالیش پێویستە بێتە ئاوەدانكردنەوە تا ئاوارەكانمان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
KDP
