ڕێزان: ئامانجی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بۆ هەماهەنگى كردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان

 ڕێزان: ئامانجی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بۆ هەماهەنگى كردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا و ڤاتیكان دەڵێ، سەردانی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ هەماهەنگیكردنە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ.

(ڕێزان حەمە ساڵح)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا (رۆبێرتا پینۆتی) بە یاوەریی ژمارەیەك لە راوێژكاری سەربازیی وڵاتەكەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، ئامانجی سەردانەكەیشیان هەماهەنگكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ناردنی هاوكاریی سەربازیی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگە."

نوێنەری حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بڕیارە لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) كۆ ببێتەوە و، تایبەت بە ئازادكردنەوەی (مووسڵ) و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەن، پاشان شاندەكە سەردانی بەنداوی مووسڵ دەكات بۆ چاككردنەوەو كۆنتڕۆڵكردنی."

شایانی باسە، ئیتاڵیا یەكێكە لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و، نزیكەی ١٥٠٠ راوێژكاری سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراقن.




KDP
Top