دوو مێردمنداڵی رفێنراوی دەستی پەکەکە: بە ئێمەیان دەگوت خوا نییە تەنھا (ئاپۆ) ھەیە

دوو مێردمنداڵی رفێنراوی دەستی پەکەکە: بە ئێمەیان دەگوت خوا نییە تەنھا (ئاپۆ) ھەیە
رێکخستنەکانی پەکەکە، منداڵ و مێرمنداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵان دەڕفێنن و لە قەندیل و چیای گارا لە باشووری کوردستان وانە و دەرسیان پێ دەدەن فێری چەکدارییان دەکەن، دوو منداڵی چەکداری ھەڵاتووی دەستی پەکەکە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە.



(ع.م) خەڵکی باکووری کوردستانە و لەدایکبوونی ساڵی (٢٠٠١)ی شاری ئامەدە، ناوی حەرەکی (ک) بووە لەناو رێکخستنەکانی پەکەکە لە قەندیل، لە گێڕانەوەی چیرۆکی چوونی بۆ ناو پەکەکە گوتی: "لە رێگەی دوو کەس بە ناوەکانی (م ، ئا) کە میلسی پەکەکە بوون لە شاری ئامەد، لەگەڵ دوو منداڵی دیکە بە ناوەکانی (ع) و (ت) بە دوای کاردا دەگەڕاین، بەڵام ئەو دوو کەسە بە ئێمەیان گوت وەرن ئێمە کارتان بۆ دەدۆزینەوە، بڕە پارەیەکیان پێ داین و گوتیان دەبێت لەگەڵ ئێمە بێن بۆ جێگایەک کە کارتان پێ دەدەین، ئێمەش ھەرسێکمان رۆیشتین لەگەڵیان و سواری ئۆتۆمبێڵێکی جۆری (پیکاب تۆیۆتا)ی رەنگی رەش بووین".



ئەو مێردمنداڵە گێڕایەوە و گوتیشی: "نزیکەی (٥) سەعات رۆیشتین، لە شوێنێک ئێمەیان دابەزاند گوتیان ئێرە خاڵی پشکنینی لێیە، بڕۆنە دواوەی ئۆتۆمبێلەکە با نەتانبینن، خێمەیەکیان دا بەسەرماندا تاوەکو لە خاڵی پشکنینەکە دەربازمان بوو، دوای ئەوەش نزیکەی سەعاتێکی دیکە رۆیشتین و ئێمەیان دابەزاند، سەیرمان کرد لەناو چەکدارانی پەکەکەداین، گوتیان ئێرە قەندیلە تەواو ئێوە بوون بە گەریلا".



(ع.م) بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و گوتی: "ئێمەش پێمان گوتن نامانەوێ ببین بە گەریلا، بەڵام ئەوان بانگی کەسێکیان کرد بە ناوی (ھەڤاڵ خەیری) ئەویش بە تووڕەییەوە لە ئێمەی دا و لەگەڵ خۆی بردینی بۆ دۆڵێک بە ناوی (شەھید ھاروون)، کە دەکەوێتە بناری قەندیل، لەوێدا خزمەتی بریندار و کاری پاککردنەوە و ھێنان و بردنی کەلوپەلیان پێ کردین، چەند منداڵی دیکەی ھاوشێوەی ئێمە رفێنرابوون و بەزۆر کاریان پێ دەکردن".



(ع.م) کە نەیدەویست باسی نھێنیی راکردنەکەی بکات، وەکو ئەوەی زیانی بۆ کەسانی دیکە ھەبێت، تەنیا گوتی: "توانیم خۆم لەوێ رزگار بکەم".



ھاوکات (ئ.ح) لەدایکبووی (٢٠٠٢)ە و منداڵێکی دیکەی کوردی رۆژئاوای کوردستانە و خەڵکی شاری حەسەکەیە، چیرۆکی رزگارکردنی خۆی لەناو چەکدارانی پەکەکە بەم شێوەیە بۆ (باس) گێڕایەوە.



(ئ.ح) گوتی: "ناوی حەرەکیم لەناو پەکەکە (ن) بوو، لە مانگی نۆی ٢٠١٥ پەیوەندیم بە چەکدارانی پەکەکەوە کرد لە قامشلۆ، بەڵام لە رێککەوتی ١٢-٢-٢٠١٥، رێکخستنەکانی پەکەکە بڕیاری ئەوەیان دا دامببڕێنن لە قامشلۆ، ئەوەش لەبەرئەوە بوو جارێکی دیکە خانەوادەکەم نەبینمەوە، نەوەکو پەشیمانم بکەنەوە لە رۆیشتنم بۆ ناو پەکەکە".



گوتیشی: "من کاتێک پەیوەندیم پێوە کردن وامزانی ھەر لە سووریا دەبم، بەڵام دواتر بۆ باشووری کوردستان و (چیای گارا)یان بردم، لەوێ لە شوێنێک خستمیانە بەر قوتابخانەیەکیان بەناوی (شەھید دێرسم)، لەوێدا دوو مامۆستا بە ناوەکانی (جودی و دڵسۆز) وانەی دیرۆکییان لەبارەی پەکەکە و ئۆجەلان پێ دەگوتین، کە نزیکەی ٥٠ منداڵێک دەبووین".



(ئ.ح) بەردەوام بوو لەو گێڕانەوەیە و گوتی: "دوای تەواوبوونی ئەو قوتابخانەیە و وانەکانی، ئێمەیان بردە خوارەوەی چیاکە، لەوێ چەند ژوورێک ھەبوون و دابەشیان کردین، کە ھەر ژوورەی نزیکەی ٢٠ منداڵێک دەبووین و زۆربەی خەڵکی باکووری کوردستان بوون، لەوێشدا دەستیان بە وانەی سیاسی و سەربازی بۆمان کرد، لەناو ئەو قسە سیاسییانە و وانە سەربازییانە باسی ئەوەیان بۆ دەکردین کە خوا بوونی نییە و تەنیا (ئاپۆ) ھەیە، ھەروەھا باسی دیرۆکی باشووری کوردستانیشیان بۆ دەکردین، دەیانگوت پارتێک ھەیە بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پارتە خائینە، باسی مەلا مستەفای بارزانییان کرد و بە خراپ ناویان ھێنا".



(ئ.ح) زیاتر بەردەوام بوو لەسەر بوونی لەناو پەکەکە و گوتی: "دوای تەواوبوونی ئەو قوتابخانەیەش، ئەوە بوو من لەگەڵ ١٠ چەکداری دیکەی تەمەنی خۆم رەوانەی کەمپی مەخموور کراین و پێیان گوتین ئێوە پاسەوانی لەو کەمپە دەکەن، لەوێدا لەگەڵ بیروباوەڕەکەمان تووشی بەیەکدادانی زۆر ھاتین، خەڵکێک پێیان دەگوتین کە (بارزانیی نەمر) سەرکردەیەکی گەورەی کورد و کوردستانە، چەند شتێکیان بۆ باس کردین کە جیاواز بوو لەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل دەیانگوت، ئەوەش تووشی دوودڵیی زۆری کردین، ھەموومان پەشیمان و دوودڵ بووین لەو رێگەیەی کە پەکەکە پیشانی ئێمەی دابوو، تا ئەو ئاستە ئەو دوودڵیە زیادی کرد و ھەڵاتم بۆ شوێنێکی دوولا لەوان و ئێستا من گەریلا نیم".



بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی ئەو گرووپ و ڕێکخستن و کۆمپانیا و وڵاتانەی منداڵ بۆ کاری قەدەغەکراوی لە شێوەی کاری (سەربازی، قاچاخچییەتی) بەکار دەھێنن، کە بە لیستی (شەرم) رەش ناسراوە، ئەوا PKK بەھۆی ئەوەی منداڵی ڕفاندووە و بۆ کاری سەربازی بەکاری ھێناوە، تاکە حزبی کوردییە کە ناوی خراوەتە ناو لیستەکەوە.



شیلان جەعفەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی پەکەکە کردوویەتی بە بەکارھێنانی منداڵ و بەسەربازکردنیان، دژی ھەموو بنەماکانی مافی منداڵ و نێودەوڵەتییە، گوتی: "منداڵ تەنیا دەبێت بۆ پەروەردەی راست و دروست بەکار بێت و ئەو قوتابخانانەی کە وانەی تێدا دەدرێتە منداڵ دەبێ قوتابخانەی دانپێندراوی نێودەوڵەتی بن و لەلایەن رێکخراوە جیھانییەکانەوە چاودێری بکرێن".



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر بێتو سکاڵای خەڵکی کوردستان لەبارەی بردنی منداڵەکانیان لەلایەن ھەر گرووپ و حزبێکەوە بگات بە دەستیان، ئەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، گوتیشی: "بەپێی یاسای توندوتیژیی خێزانی، بە ھەموو شێوەیەک رێگری دەکا لەوەی کە نابێ منداڵ بکرێتە چەکدار و توندوتیژیی فێر بکرێ، تەنانەت نابێ منداڵ بۆ سواڵکردنیش بەکار بھێنرێ، چونکە ھەموو ئەو حاڵەتانە پێچەوانەی یاسان".



لای خۆشیەوە پەری ساڵح، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی قانوونی نێودەوڵەتی بەکارھێنانی منداڵ بۆ بابەتی چەکداری بە ھەموو شێوەیەک رەت کراوەتەوە و وەکو تاوانی جەنگە، گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک نابێت منداڵ بۆ کاری توندوتیژی و چەکداری بەکار بھێنرێ".



پێشتریش سەبارەت بە باشووری کوردستان، زیا پەترۆس، سەرۆکی دەستەی گشتیی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد، کە چەند خێزانێکی کوردی باشووری کوردستان لای دەستەکەیان سکاڵایان لە دژی PKK تۆمار کردووە، بە گوتەی ئەو ماڵباتە PKK منداڵەکانی رفاندوون.



ئاماژەی بەوەش دا کە کەسوکاری ئەو منداڵانە دەڵێن تەمەنی کوڕەکانیان تا ئێستا نەگەیشتبوو بە ١٨ ساڵی و لە کاتی جیاوازدا PKK رفاندوویانن، تا بیانکەن بە چەکداری خۆیان.




باسنیوز
Top