سەفین دزەیی: حکوومەت ڕیفۆرمێک لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەکات

سەفین دزەیی: حکوومەت ڕیفۆرمێک لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکوومەت و ئەو هەنگاوانە کرد کە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی گیراوەتە بەر.



سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی (زە نیومەیڵ)ی بەریتانی ڕاگەیاندووە، حکوومەت لە سەرەتای جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی دایە و دەیەوێت ڕیفۆرمێکی مۆدێرن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری چاکسازیدا بکات. بەپێویستیشی زانی، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە چاکسازی بکەن، چونکە هەموو لایەنەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی کەمکردنەوەی گەندەڵی و چاککردنی باری ژیانی هاووڵاتیانیان داوە.



گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گەندەڵی ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە گەندەڵی بە تەنیا لە کوردستاندا بڵاو نەبووەتەوە، بەڵکو لە زۆر وڵاتدا هەیە، مەرج نییە گەندەڵی تەنیا لە بواری دارایی بێت، بەڵکو جێبەجێنەکردنی یاسا کارگێڕییەکانیش جۆرێکە لە گەندەڵی. گوتیشی: ”بە داخەوە، هەندێک خەڵک هەن کە هەڵوێستە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و خراپ بەکارهێنانی ئەو هەڵوێستانە دەقۆزنەوە، ئەو کێشەیە لە لایەن گەل و حکوومەت و حزبە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنەکانی کوردستانەوە باسی لێوە دەکرێت، هەوڵیش دەدرێت چارەسەری پیویست بدۆزینەوە“.





هەر لەو لێدوانەیدا، سەفین دزەیی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە چەندین شارەزای دەرەوە وەک (بانکی جیهانی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری وڵاتانی جی 7 و بەریتانیا)، لە کۆبوونەوەیەکدا پشتگیریی خۆیان لە بواری ئەزموون و کارگێری و سیاسی و تەکنیکی بۆ چاکسازی دەربڕیوە. دەشڵێت: ”ئامانجی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەقامگیری دارایی و بەرەوپێشبردنی ئابووریی مۆدێرنە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت کوردستان بکاتە بەشێکى گرنگ لە ئابووریى جیهان“.



گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە تێچووی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە لەسەر هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلارە و لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستی و کارەبا و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە خەرج دەکرێت.








باسنیوز
Top