وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر
روبێرتا بینۆتی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت پێشوازی لیکرا.
هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە رایگەیاند، رۆبێرتۆ پینۆتی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گەیشتە شاری هەولێر و وابڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، وابڕیاریشە پرسی شەڕی داعش و ئاوەدانکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی بەنداوی موسڵ، مژاری سەرەکی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا بێت، هەروەها ئیتاڵیا بڕیاریداوە ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق لەو ژمارەیەی هەیە کە 400 سەرباز دەبن، زیاتر بکات.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوە دەدات، ئەو سەردانەی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دوای سەردانی بۆ عێراق دێت، کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوەو دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەمشەو لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی بەغدا و دوای هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز، ئێستا شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ ئەوەی بەرپرسانی بیانی لە بەغدا بمێننەوە
لەبارەی ئەو شانەدەی لە پێشوازی رۆبێرتۆ پینۆتی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیادا دەبن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، شاندەکە بریتین لە کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەو رێزان ئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا.
پرۆفایلی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا
- رۆبێرتۆ پینۆتی لە ساڵی 1961 لە شاری جێنۆڤای ئیتالیا لەدایکبووە.
- 22ی مانگی شوباتی ساڵی 2014 بووەتە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا.
- پینۆتی، ئەندامی پارتی دیموکراتی ئیتاڵیایە و ئەندامی سینایە لەسەر لیستی ئەو پارتییە.
- لەسەردەمی پینۆتی ئیتاڵیا هێرشی ئاسمانی دژی داعش لە لیبیا ئەنجامدا و یارمەتی هێزەکانی دژی داعش دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
- پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیتاڵیا.
- ئیتاڵیا ساڵی 2014 کۆنسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
- حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتی لە ئیتالیا هەیە.
- لە دوای هێرشی داعش چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەبووە.
- وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە 23-12-2014 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 02-03-2015 سەردانی ئیتاڵیای کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
- رۆژی شەشی مانگی نیسان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
- لە ساڵی 2015 دا ئیتاڵیا 400 پرۆژەی وەبەرهێنانی لەهەرێمی کوردستان هەبوو.
- بڕیارە بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکات.
- ئیتاڵییەکان بایی 2 ملیار دۆلار لە بەنداوی موسڵ وەبەرهێنانیان هەیە.
- 1330راهێنەری ئیتاڵی راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن.
- 450 سەربازی ئیتاڵی بەنداوی موسڵ دەپارێزن.
- ئیتالیا بڕی 12 ملوێن دۆلار هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە.
- چەندین کاروانی ئاسمانی یارمەتی بۆ باشووری کوردستان هێناوە.
- ئیتاڵیا چەندین کاروان یارمەتی چەک و تەقەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
- کۆمەڵیک چەکی وەک موشەکی دژە تانک و چەکی سووکی جۆری MG42 و MG59یان داوەتە هەرێمی کوردستان.
