حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی پرۆگرامی چاكسازی جددییە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9 - 5 - 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بامبانگ ئەنتاركسۆ باڵیۆزی نوێی ئەندۆنیسیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی ئەندۆنیسیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا دەربڕی و پشتگیریی حكوومەتی وڵاتەكەیشی بۆ هەوڵەكانی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەندۆنیسیا لە بوارەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، زانستی، كەلتووری و سیاسی نیشان دا و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن لە ماوەی داهاتوودا نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە، هەر بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە كرێكارانی ئەندۆنیسا بە مەبەستی كاركردن ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كەشێكی باشدا ژیان بەسەر دەبەن. دووپاتیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دەتوانێت لە بوارەكانی كشتوكاڵ و دروستكردنی پردی پەیوەندیی نێوان كەرتی تایبەتی هەردوولا، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێكەی بۆ خواست و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیارە باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان هەبێت و ئەندۆنیسیاش یەك لەو وڵاتانەیە كە دەكرێت لە بواری كشتوكاڵیدا هاوكارییەكی باشی هەرێمی كوردستان بكات. جەختی لەوەش كردەوە كە دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ كرێكاران و خاوەنكارانی ئەندۆنیسیا كراوەیە و هەوڵەكانی بەڕێزیشیانی بۆ دروستكردنی پەیوەندیی نێوان كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان و ئەندۆنیسیا بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكوەزیران باسی لە قەیرانی داراییی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی دروستبوونی و هەوڵەكانی حكوومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە كرد و جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی پرۆگرامی چاكسازی جددییە، بەڵام ئەمەش پێویستی بە كاتە تا دەگاتە ئامانج و گەشبینیی خۆیشی بەرامبەر داهاتووی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەربڕی.
KDP
