فازڵ بەشارەتی: بە دانپێدانانی زۆربەیان پارتی لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتدایە

فازڵ بەشارەتی: بە دانپێدانانی زۆربەیان پارتی لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتدایە
بەرپرسی لقی (١٢)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە دەڵێ، بە دانپێدانانی زۆربەی كادیرە پێشكەوتووەكانی لایەنە سیاسییەكانى كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتدابووه‌ بۆ كوردستان، ئێستایش دەرفەتێكی زێڕین بۆ سەربەخۆیی هاتووەتە پێش، پێویستە بیقۆزینەوە.

(فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، لە سەرەتای دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، درووشمی خزمەتكردنی گەل و نیشتیمانی خۆمانە، گەر بێـت و كوردایەتی راستەقینە بكەین، دەبێ یەكڕیز بین و میللەتیش ئەمڕۆ ئەوە لە ئێمە دەخوازێ كەوا بەرژەوەندییەكانیان بپارێزین، چەرخێكی زێڕین هاتۆتە پێش بۆ خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی بە مافی چارەنووسی خۆی بگات، ئەگەر بە ویژدانیشەوە سەیر بكرێ، پێویستە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و چاودێرانی سیاسی بڕیاری بوێرانە لەسەر ئەو باردۆخە سیاسییە بدەن، وەك هەمووانیش دەزانن، پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەت، دەستی لە چەندان پۆست و مافی خۆی هەڵگرتووە، لە پێناوی یەكخستن و یەكبوونی ناوماڵی كوردیدا."

(بەشارەتی) گوتیشی: "بە دانپێدانانی زۆربەی كادیرە پێشكەوتووەكانی لایەنە سیاسییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتدایە بۆ كوردستان، بەڵام بەشێك لە لایەنەكانی تر لە هەوڵی وەرگرتنی دەستكەوتن بۆ حیزبەكانیان، ئەوەیش كێشەی لێكتێنەگەییشتنی دروست كردووە، ئەگینا من پێم وا نییە دەستكەوتی هیچ حیزبێك لە دەستكەوتی میللەت گرینگتر بێت."







KDP
Top